پێنج پڕۆژه‌ی گرنگی خزمه‌تگوزاری له‌ سۆران جێبه‌جێ ده‌كرێت

چواس خالید – هەولێر

 

بۆ جێبه‌جێكردنی پێنج پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، حكوومه‌تی هه‌رێی كوردستان ڕه‌زامه‌ندی دا بۆ خه‌رجكردنی بڕی زیادتر له‌ سه‌د و حه‌فتا و شه‌ش ملیۆن دیناری عێراقی، بۆ ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی به‌رخودان و دیانای كۆن و هه‌ندرێن و هه‌رێم له‌ سۆران.

١٥ی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٥، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، به‌پێی چه‌ند فه‌رمانێكی وه‌زاری، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی پێنج گوژمه‌ی پێویست، به‌ بڕی سه‌د و حه‌فتا و شه‌ش ملیۆن و هه‌شت سه‌د و هه‌شت هه‌زار دیناری عێراقی، به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی به‌رخودان و دیانای كۆن و هه‌ندرێن و هه‌رێم له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، بڕی ده‌ ملیۆن و چل و چوار هه‌زار دیناری عێراقی بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كۆڵانه‌كانی گه‌ڕه‌كی به‌رخودان له‌ سۆران، كه‌ له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانیی سۆرانه‌.
هاوكات گوژمه‌ی حه‌فتا و پێنج ملیۆن دینار و نۆ سه‌د و هه‌شتا هه‌زار دیناری عێراقی بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كۆڵان له‌ گه‌ڕه‌كی دیانای كۆن له‌ سۆران ته‌رخانكراوه‌، ئه‌ویش له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی شاره‌وانییه‌.
هه‌ر به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، گوژمه‌ی دوازده‌ ملیۆن و چوار سه‌د و هه‌شتا هه‌زار دیناری عێراقی بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری كۆنكرێتكردن له‌ گه‌ڕه‌كی هه‌ندرێن له‌ سۆران داندراوه‌، له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانیی سۆرانه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش بڕی شه‌ست و دوو ملیۆن و هه‌شت سه‌د و سی هه‌زار دیناری عێراقی، له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانیی سۆران، بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و قیرتاوكردنی شه‌قام له‌ گه‌ڕه‌كی هه‌رێم له‌ شاری سۆران ته‌رخانكراوه‌.
ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مێنێت له‌و گوژمه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار بڕیاری خه‌رجكردنی داوه‌، بڕی پازده‌ ملیۆن و چوار سه‌د و حه‌فتا و چوار هه‌زار دیناری عێراقی ته‌رخانكردووه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری دروستكردنی كۆڵانی كۆنكرێتی هه‌ر له‌ گه‌ڕه‌كی هه‌رێم له‌ شاری سۆران، كه‌ ئه‌ویش له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانیی سۆرانه‌.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ ته‌واوی شار و شارۆكه‌كانی هه‌ڕێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی و جیا له‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ی له‌ ناو شاری سۆران جێبه‌جێكراون، به‌پێی ئاماری به‌رده‌ست ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، له‌ساڵی ٢٠٢٤دا، ته‌نیا له‌ سنووری به‌ڕێوه‌برایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كانی سۆران، واتا ده‌وروبه‌ری سه‌نته‌ری شاری سۆران، هه‌شتا و شه‌ش پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری جێبه‌جێكراوه‌
گوژمه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ی پار و ته‌نیا له‌ ده‌وروبه‌ری شاری سۆران جێبه‌جێكراون، په‌نجا و دوو ملیار و شه‌ش سه‌د و سێزده‌ ملیۆن دیناری عێراقی بووه‌، كه‌ له‌سه‌ر داهات و بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و به‌ڕه‌وه‌به‌رایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كانی سۆران دابینكراوه‌.