دوێنێ، سكرتێر و ئەندامانی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان سەردانی ڕۆژنامەی “هەولێر”یان كرد و دەستخۆشیان لە ئەرك و كارەكانی “هەولێر”ـیان كرد، لەگەڵ ئەوەیشدا سوپاسی ڕۆژنامەی “هەولێر”ـیان كرد كە گرنگی تایبەت بە پرسی ئافرەت و هاوكاریكردنی یەكتی ئافرەتانی كوردستان لەگەڵ بەسەركردنەوەیان بۆ بەشەكانی ڕۆژنامە. لە میانەی سەردانەكەدا، “زیبا تەها” سكرتێری یەكێتی ئافرەتان، سوپاسی سەرنووسەری “هەولێر”ـی كرد و گوتی: “سوپاس بۆ سەرنووسەری ڕۆژنامە، كە بەردەوام هاوكار و خەمخۆری یەكێتیەكەمانە، كە ئەوە جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە كە بەڕێز سەرنووسەری “هەولێر” پرسی ئافرەتی لا گرنگە .
“زیبا تەها” سكرتێری یەكێتی ئافرەتان، لە بارەی سەردانەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە:” لە سەردانێمان بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر”دا، ئەوپەڕی سوپاسگوزاری یەکێتی ئافرەتانمان بە بەڕێز “هاودەنگ فاروق” سەرنووسەری “هەولێر” و لە ڕێگەی بەڕێزیشیانەوە سوپاسی تەواوی ڕاگەیەنکار و ستافی ڕۆژنامەی ئازیزی “هەولێر” کرد، کە بۆ ماوەی چەندین ساڵە، چوار لاپەڕەی ڕۆژنامەکەیان بۆ تەرخان کردووین، هەتا لەوێدا پەیام و ڕوانگەی ڕێکخراوەکەمان و بابەتەکانی تایبەت بە پرسی ئافرەت لە دیدی نووسەرانی ئافرەت و بابەتەکانی دیکەی تایبەت بە پرسی ئافرەت بڵاو بکەینەوە، بەدڵنیاییەوە ئەو دەرفەتەی ڕۆژنامەی هەولێر و خودی سەرنووسەر، بۆشاییەکی زۆری لە بواری ڕاگەندنی نووسراو بۆ ڕێکخراوەکەمان پڕ کردەوە، کە بە هۆکاری ناهەمواری باری دارایی ماوەیەک بڵاوکراوەی چاپمان نەبوو. وێڕای دەستخۆشی و سوپاسگوزاری، جەختمان لە گرنگیدان و هەماهەنگیی زیاتر و پێویستیمان بە کارئاسانی ڕۆژنامەکە کردەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا “هاوەنگ فاروق” سەرنووسەری ڕۆژنامەی “هەولێر” ئەوەی خستە ڕوو: “هەمیشە گرنگی تایبەتم هەبووە بۆ ئافرەتان چونكە پێشكەوتنی حیزب و هەموو بوارەكانی ژیان بەوە دیاری دەكرێت كە تا چەن بایەخ بە پرسی ئافرەتان دەدات، بۆیە ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی “پارتی دیموكراتی كوردستان” بدەینەوە لە هەموو كاتەكاندا بایەخی بە پرسی ئافرەت داوە و هەمیشە پاڵپشت بووە بە یەكسانی و مافەكانی ئافرەت، بۆیەهەمیشە مرۆڤ دەبێ بە باوەڕەوە بڵێت من مافی ئافرەت ئەپارێزم و باوەڕم بە یەكسانی و دادپەروەری ژن و پیاو هەیە”.