ساڵح موسلیم: دیدارەکەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی بۆ پرسی کورد گرنگە

ساڵح موسلیم، کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و فەرماندەی گشتیی هەسەدە بۆ پرسی کورد بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت: ”بۆ چارەکردنی کێشە هەنووکەییەکان و یەکگرتوویی نێو ماڵی کوردان، پێویستە هەنگاو بنرێت.”

ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)، بە میدیاییەکانی نزیک پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاندووە، دیدارەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ پرسی کورد زۆر گرنگە.

گوتیشی: “بۆ چارەکردنی کێشە هەنووکەییەکان و یەکێتیی و یەکڕیزی کورد، پێویستە هەنگاو بنرێت”.

ساڵح موسلیم لەبارەی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر مەنبج و بەنداوی تشرین، گوتی: داوا لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەکەم بێنە سەر هێڵ و لەو بارەیەوە کۆبنەوە.

هەروەها گوتی: ئێمە چاوەڕێی ترەمپ و ئیدارەی نوێی ئەمەریکا دەکەین لە بارەی هێرشەکانی تورکیا و ئەو ئاگربەستەی پێشوو کرابوو، هەڵوێستیان هەبێت، ئێمەش بۆ هەموو کارێک ئامادەین.”

لە ساڵی ،2019 ئاگربەستێک لە نێوان تورکیا و ئەمەریکا ئیمزا کرابوو بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە گرێ سپی و سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی پەیەدە ئاماژەشیدا، دوای کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن دەستەی تەحریر شام، تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ زیاد کردووە، بۆ ئەوەی بچێتە سنووی ڕووباری فرات، بەڵام تاوەکوو ئێستا سەرکەتوو نەبوون.

ساڵح موسلیم لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دیدارەکانی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی (پەکەکە)، ڕایگەیاند، کێشەی سەرەکی لە تورکیا پرسی کوردە، بۆیە پێویستە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەبکرێن، بەم شێوەیەش هێرشەکانی تورکیا ڕادەوستن.

هەروەها ئاماژەشیدا، چارەکردنی کێشەکان لە ڕێگای گفتوگۆوە بۆ هەموو لایەنێک باشە، کورد ئێستاکە ڕۆڵێکی سەرەکی لە پرۆسەی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، پێویستە هەموو لایەنێک لەو پرۆسەیە بەشدار بن.