ڕائیب جادر – هەولێر
سەرۆک بارزانی وەکو مەرجەعی باڵای گەلی کوردستان، بەردەوام ھەوڵی لێکنزیککردنەوە و ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان داوە، ھەمیشە دەستپێشخەری و بانگەوازی بۆ یەکگرتووی ھێزە کوردییەکانی ھەبووە، بەتایبەتی لە پرسە چارەنووسازە نەتەوەیەکاندا، لەگەڵ ڕووداوەکانی سووریا و کەوتنی ڕژێمی ئەسەد دەرفەتێکی زێڕین بۆ کورد لەو وڵاتە ھاتووەتە پێشەوە، لە سووریای نوێدا بۆ ئەوەی بە ماف و داخوازییەکانیان بگەن و بە یەکگرتووی کار بۆ بەدەستھێنانی داخوازیە نەتەوەیەکانیان بکەن، ئەم گرنگی پێدانەی سەرۆک بارزانی و خەمخۆری بۆ ئایندەی کورد لە سووریا لەسەر ئاستی جیھان دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی
بارەگای بارزانی لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردەوە، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشھاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و ھەروەھا چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتی گرتنەبەری ھەڵوێستێکی ھاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.
ھەروەھا جەخت لەوە کرایەوە، پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی ھیچ لایەنێک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی ھاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەھامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکھاتەکانی تری سووریادا ھاتوونە.
لەلایەکی دیکەوە ھۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵاتیی ئێکس نووسیویەتی: کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە پێناو یەکگرتوویی کورد و یەکڕیزی کورد بەرانبەر بە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق بووە، ھەروەھا جەختیان لە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات لە سووریای نوێ کردەوە.
دەنگدانەوە و گرنگی دیدارەکە لە زاری کەسایەتییە سیاسییەکانەوە
دوای دیدارەکە، سیاسەتمەدارانی کورد لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە هاتنە دەنگ و پێشوازییەکی فراوانیان لێکرد و سوپاسی سەرۆک بارزانیان کرد، عوسمان بایدەمیر، سیاسەتمەداری کوردی باکووری کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسیویەتی “ماڵتان ئاوابێت، ئەمە خواستی ملیۆنان کوردستانی بوو، هیوادارین بەردەوام بێت و دەرگای خێر بکاتەوە”.
لای خۆیەوە، لەیلا زانا، پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە تورکیا، بە هەمانشێوە دڵخۆشی خۆیی بۆ دیدارە دەربڕیوە و سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی “سوپاس بۆ ئێوە، پیرۆزە و بەردەوام بێت، پێکەوە ژیانی گەلان، بنەمای ئێمەیە، هیوای گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستان گەورە کرد”.
ئاراس شێخ جەنگی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی” گەورەیی کاک مەسعود ئەمڕۆ دەردەکەوێ، بڵاوبونەوەی دەنگۆی سەردانی مەزڵووم بۆ لای کاک مەسعود دڵخۆشکەرە بۆ هەموو کورد، ئیتر کاتی ئەوەیە کاک مەسعود ببێت بە برا گەورە بۆ ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد”.
مونیرە، کچی شەهید پێشەوا قازی محەممەد، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، پاڵپشتی خۆی بۆ گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕێت.
هاوکات دەڵێت: دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی و مەزوڵووم عەبدی دەکەم، کە مەبەست لێی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی نێو ماڵی کوردە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان.
مونیرە قازی محەممەد، باسی لە خەون و ئاواتەکانی باوکی کرد و گوتی: “خەون و ئاواتەکانی باوکم لە ڕۆژئاوای کوردستان لە بەدی هاتن نزیک بووەتەوە”.
لە کۆتاییدا پەیامەکەیدا، هیوای سەرکەوتنی بۆ گشت دڵسۆزانی گەلی کورد خواست.
خەڵکی ڕۆژئاوا بە گرنگییەوە لە ھەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی دەڕوانن
دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ کورد لەو وڵاتە ھاتە ئاراوە، بەو ھیوایەی چی دیکە کورد لە پێناسەی نەتەوەی و حوکمڕانی سووریای نوێدا بێبەش نەبن و بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، دوای ڕووداوەکانی سووریا ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ یەکڕیزی کوردی ڕۆژئاوا چڕتر بوونەوە، لەو چوارچێوەیەدا بانگەوازی بۆ ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەوە بوو پێکەوە کار لەسەر یەکگرتووی و یەکگوتاریان بکەن، ھەروەھا پێکەوە بە شاندێکی ھاوبەش بۆ بەدەستھێنانی مافە نەتەوەیەکانیان بچنە دیمەشق، ئەم پەیامەی سەرۆک بارزانی لە ڕۆژئاوای کوردستان پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و بە دەرفەتێکی زێڕین بۆ یەکھەڵوێستی کوردی ڕۆژئاوا خوێندنەوەی بۆ کرا، دواتر سەرۆک بارزانی لە خەمخۆری بۆ کێشەی کورد لە سووریا نوێنەری تایبەتی خۆی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کرد. د.حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی، سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ فەرماندەی گشتی ھەسەدە مەزڵووم عەبدی و بەرپرسانی ئەنەکەسە کۆبوویەوە و نامەی سەرۆک بارزانی گەیاندە ھەر دوولا، ئەو سەردانە گەشبینییەکی زۆری لە ڕۆژئاوای کوردستان پەیدا کرد. نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاوا، ئاشکرای کرد: سەرۆک بارزانی لە خەمی ڕۆژئاوادایە ھەر شتێک پێویست بکات بۆ ڕۆژئاوا دەکات، لە ھەمان کاتدا داوای یەکڕیزیی کورد لەم قۆناغە نوێیەی سووریادا دەکات.
د. حەمید دەربەندی، گوتیشی: وەکو ھەرجار ئەوەی لە دەستی سەرۆک بارزانی بێت وەکو پێشتر کە درێغی نەکردووە، ئێستاش درێغی ناکات، بۆ ئەوەی پاشەڕۆژی ڕۆژئاوای کوردستان گەش بێت.
ھەموو ھەوڵی سەرۆک بارزانی ئەوەیە مافی کورد لە سووریای نوێ پارێزراو بێت
محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ڕاگەیاند، سەردانی نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لەو قۆناغەدا جێگەی ڕێزە و سەرۆک بارزانی خەمخۆری خەڵکی کوردستانە جا لە ھەر پارچەیەکی کوردستان بێت، ئەو ڕێککەوتنانەی پێشتریش کە کراون ھەموو لەژێر چاودێری سەرۆک بارزانی بوونە و توانیویەتی لە ڕابردوودا زۆر کێشە چارە بکات، ئەگەر ئەو نەبوایە ڕەنگە ئێستا شتێک نەمابایە بەناوی ڕۆژئاوا، بۆیە ھەردەم وەکو باوکی کوردان تەماشای سەرۆک بارزانی دەکەین، خەڵکی ڕۆژئاواش بە گرنگییەوە لە ھەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی دەڕوانێت و داوا دەکەن ھەموو لایەنەکان لەژێر ڕێنمایەکانی سەرۆک بارزانی کار بکەن، بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا سەرکەوێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، ئاشکراشی کرد: ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی ئەوەیە دەبێت مافی نەتەوەی کورد لە سووریا جێبەجێ بکرێت، کورد دەبێت لە سووریای نوێ ھاوبەشی دامەزراندنی سووریای نوێ بێت، ھەموو ھەوڵی سەرۆک بارزانی لەگەڵ دەوڵەتانی ھەرێمایەتی و جیھانی ئەوەیە، دەبێت مافی کورد لە سووریای نوێ پارێزراو بێت.
وڵاتانی جیهان پشتگیری داواکەی سەرۆک بارزانی دەکەن
د.موسا کەڤال، سیاسەتمەداری کورد، ئاشکرای کرد: ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە ھەموو بوارەکان، زۆر گرنگە و بۆ ھەموو پرس و دۆزێکی کورد لە ھەرچوار پارچەی کوردستان، بۆیە ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان و نێودەوڵەتیش کاریگەری خۆی ھەیە، ئەو کارەی سەرۆک بارزانی پێی ھەڵساوە زۆر گرنگە و بەرپرسیارەتییەکی مێژووییە، ھیوادارم ئەنجامی گەورە و گرینگی ھەبێت و لە بەرژوەندی میللەتی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان بێت، چونکە پرسی کورد لە ھەر چوار پارچە پێکەوە گرێدراوە، بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەگەر ئەم دۆخەی ھاتۆتە پێش لە کورد تێکبچێت کاریگەری خراپی لەسەر پارچەکانی دیکەش دەبێت، ئەوکات مەترسی نێودەوڵەتی لەسەر ھەموو کورد دەبێت، سەرۆک بارزانی زیاتر ھەست بەو بەرپرسیارەتییە دەکات.
د.موسا کەڤال، گوتیشی، ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانی بۆ یەکڕیزی نێوماڵی کوردی و پاراستنی مافی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان گرنگە کە دەزانین چەند زوڵم لە کوردانی ڕۆژئاوا کراوە دوای ئەوەی بەعس لە سووریا ھاتە سەرحوکم، سەرۆک بارزانی ھەنگاوێکی مێژوویی ناوە و پێویستە لە ھەر چوار پارچەی کوردستان پشتگیری ئەو یەکڕیزییەی گەلی کورد بکەن، چونکە یەکڕیزی کورد نابێتە تەعەسوبی نەتەوەیی، تەنیا دەمانەوێت ئەو زوڵمەی لەسەر کورد ھەیە نەمێنێت، بۆیە پێویستە ھەمووان پشتگیری بکەین، بۆ ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێککەوتن دروست بێت، لەبەر ئەوەی بێ تەوافوق کورد جگە لە زوڵم ھیچی نەدیوە، بۆیە ھیچ ڕێگەیەک لەبەردەم کورد نییە جگە لە یەکڕیزی و یەکبوون، ناکرێت ترسمان لەو وڵاتانە ھەبێت کە دژی ئێمەن، چونکە ئەوان سیاسەتیان دژی کورد ناگۆڕن، بەڵام گەر کورد بەھێز بێت ئەوانیش ھەڵوێستیان بەرامبەر کورد دەگۆڕێت و قیمەت بە کورد دەدەن و مافەکانیان دەدەن، کوردیش ئەگەر یەک نەبن بەھێز نابێت، بۆیە باشترین ڕێگە ئەوەیە سەرۆک بارزانی گرتووەتەبەر بۆ یەکڕیزی، ھەموو وڵاتانی جیھانیش پشتگیری دەکەن.