شەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2025، دەزگای شەهیدانی عێراق ڕایگەیاند، ڕووفاتی 155 کەس لە گۆڕستانی تەل ئەلشێخە لە پارێزگای موسەننا دۆزرایەوە، کە ڕووفاتەکانی تەرمی ئافرەت و منداڵانی کوردی تێدابووە لەلایەن ڕژێمی پێشوودا ئەنفال کراون.
دەزگای شەهیدان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، “تیمی بەشی کاروبار و پاراستنی گۆڕی بەکۆمەڵ و بێسەروشوێنان، کۆتایی بە هەڵدانەوەی دووەم گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوان، کە دەکەوێتە بیابانی سەماوە، تەل ئەلشێخە لە پارێزگای موسەننا هێنا.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، “لە پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ڕووفاتی 155 کەس دەرهێنراوە، کە سەرجەمیان ئافرەت و منداڵی کوردن و لە کاتی پرۆسەی ئەنفالکردندا لەلایەن ڕژێمی پێشووی سەدام حوسێنەوە ئەنفال کراون”، دەشڵێت “ڕووفاتەکان دەگەیەنرێنە بەشی پزیشکی دادوەری بۆ ئەوەی نموونەیان لێ وەربگیرێت بۆ ناسینەوەی قوربانییەکان.”
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لە هەمان ناوچەدا 7 گۆڕی دیکە دۆزراونەتەوە و خراونەتە نێو پلانەکانی دەزگای شەهیدان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دەست بە هەڵدانەوەیان بکەن، لەگەڵ ئەگەری هەبوونی گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە لە ناوچەکەدا.”