حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە بەفەرمی تەمەنی خانەنشینی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكرێتە 60 ساڵ.
حكوومەتی هەرێم رایگەیاند “پاڵپشت بە حوکمەکانی ماددەی (10/یەکەم) لە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەموارکراو، تەمەنی یاسایی خانەنشینیی سەرجەم فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان دەکرێتە تەواوکردنی تەمەنی (60) ساڵی”.
راشیگەیاند “هەر فەرمانبەرێک بە ڕۆژ و مانگ و ساڵ تەمەنی (60) شەست ساڵی تەواو کرد، پێویستە دەستبەجێ هەواڵەی خانەنشینی بکرێت.
هەروەها رایگەیاند: تەنیا ئەم فەرمانبەرانەی خوارەوە لەم بڕیارەدا بەدەرن:-
1. ئەو فەرمانبەرانەی یاسای ڕاژەی زانکۆیی دەیانگرێتەوە و هەڵگری ناونیشانی (پڕۆفیسۆر و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر)ن.
2. پزیشکانی دادوەری و پزیشکانی سڕکردنی و پزیشکانی دەروونی.
3. ڕاوێژکاران و ڕاوێژکارانی یاریدەدەر لە ئەنجوومەنی شوورای هەرێم.
4. فڕۆکەوانانی مەدەنی لەوانەی کار دەکەن وەک کاپتنی فڕۆکە بە شێوەیەکی کرداری و لە کاتی خۆیدا مۆڵەتی کارکردنی بەرکاریان هەیە.