سەفین دزەیی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی بەرانبەر بەغدا جێبەجێ کردووە

بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر کێشەکانی ئەم دواییەی نێوان بەغدا و هەولێر بەڕێوە چوو. پێنجشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2025، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: زۆرجار لێدوان دەدرێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکرێت، کە پابەندی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نەبووە؛ بۆ ئەو مەبەستە، شیکردنەوەیەکی تەواو لەلایەن شاندی دانوستانکار و وەزیرانی حکوومەتی هەرێم پێشکەشی نێردە دیپلۆماسییەکان کرا، کە ئارەزووی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان دەربڕی کە هەمیشە ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتانەی پیشتر گفتوگۆیان لەسەر کراوە.” ئاماژەی بەوەش دا: “بابەتی مووچە وەکو کارتێکی سیاسی بەرامبەر بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنرێت، سەرەڕای ئەوەی دادگای فیدرالی خۆی بڕیاری دا کە ئەو بابەتە نابێت بە سیاسی بکرێت، کە دەبێت حکوومەتی فیدراڵی جێ بەجێی بکات.” دەشڵیت: “وردەکاری زیاتر پێشکەش بە نێردە دیپلۆماسییەکان کرا لەسەر ئەو تەمومژەی پیشتر هەبوو، بۆیە دەیانەویست وەڵامەکان لە خودی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ببیستن، بۆ ئەوەی هاوکاربن لە بەیەک گەیاندنی هەولێر و بەغدا و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو، کە ئومید دەکەین 2025 وەک ساڵانی ڕابردوو نەبێت.” سەفین دزەیی، جەختیشی کردەوە، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەشێکن لە هاووڵاتیانی عێراقی، بۆیە پێویستە حکوومەتی فیدراڵی ئەرکەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ بکات، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە جێبەجێ کردنی هەموو ئەرکەکان بەرامبەر بەغدا.” باسی لەوەش کرد، “هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بەردەوامە، 22 مانگە هەناردەکردن ڕاگیراوە”، گوتی، ئەوبڕیارەی کە دادگای پاریس لە بەرژەوەندی عێراق دای، تا ئێستا 22 تا 23 ملیار دۆلار زیانی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە، کە ئەمەش وای کردووە زیان بە بودجەی عێراق بگەیەنێت.” ڕاشیگەیاند، “وڵاتانی ئەورووپا و بەدیاریکراوی ئەمەریکا زۆر هەوڵ دەدەن، کە هەفتەی ڕابردوو بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا، پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەبوو، کە گوتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا بەردەوامە و پییان گوتوون پێویستە بەزووترین کات دەبێت کێشەکان چارە بکرێت.”