گوتەبێژی حکوومەت: ئامادەین نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرین

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، بەو مەرجە داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا دەکەن، ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی تەواوی بودجەی هەرێم بنێرێت نەک تەنها مووچە. گوتیشی: ئامادەین نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرین.

پێنجشەممە، 16-01-2025، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی؛ کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و بە وەکالەتی سامانە سروشتییەکان و ژمارەیەکی دیکەی وەزیر و سەرۆک فەرمانگە پێک هاتبوو؛ لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەولێر کۆ بووەوە.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لـــە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان، تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، شایستە داراییەکانی هەرێم، هەناردەکردنەوەی نەوت، دۆخی ناوچەکە و چەندان پرسی دیکەیان کردووە.”

ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ و پرسی مووچە

لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ بە بەغدا، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە “ئامادەین داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا بکەین و لە ڕابردووشدا ئەمەمان گوتووە، بەڵام بەو مەرجەی هەموو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، نەک تەنها مووچە.”

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری “هیچ شاندێک بەم زووانە بۆ پرسی مووچە دەچێتە بەغدا؟” بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: “تاوەکوو ئەم خولەکەی قسە دەکەین، هیچ بڕیارێک نییە تاوەکوو شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی یان حکوومەت، بەم زووانە یان هەفتەی داهاتوو بۆ پرسی مووچە بچێتە بەغدا.”

هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

گوتەبێژی حکوومەت لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت، ئاماژەی بەوە کرد “ئامادەین نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرین، بەڵام ئایا کێ پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هێواش کردەوە و وایکرد بە بڕی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی عێراق بکەوێت؟ بێگومان لە لایەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هیچ پێشێلکارییەک نەبووە، بەڵام لە لایەنی حکوومەتی عێراق، ئەگەر سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش نیازی چارەکردنیشی هەبوو بێت، ئەگەر ڕاشکاوانە و بێ پێچ و پەنا قسە بکەین، هەندێک هێز و لایەنی دیکە هەن، دەتوانن ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە بکەن کە لایەنی فەرمی دەیانکات.”

هەڵوێستی وڵاتان لە چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا

هەورامانی باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بە کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانیان گوتووە: “لەنێو وڵاتەکانی ئێوەشدا چەندان پێکهاتە و ئایینی جیاواز هەن، بەڵام هەرگیز نەمان بیستووە، مووچەیان بڕدرابێت یان برسیی کرابن، بۆیە پێوستە هەڵوێستان هەبێت لەوەی لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕوو دەدات.”

گوتەبێژی حکوومەت جەختی کردەوە “برسیکردن و ئەو مامەڵەیەی حکوومەتی عێراق بەرانبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەیکات، هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت.” ئاماژەی بەوەش کرد “هەموو ژمارە و ئامارێکی پێویستییان لەبارەی پێشێلکاریی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان خستووەتە بەردەم کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان.”

گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە

هەورامانی، لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، دووپاتی کردەوە “حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە ویستوویەتی فاکتەری سەقامگیری بێت و ئەو لایەنە بێت کە کێشەکان چارە بکات، تاوەکوو ئێستەش ئەو نیازەمان هەیە و نامانەوێت ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لە عێراق تێک بچێت.”