گوژمه‌ی پێویست بۆ سێ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری لە سلێمانی خەرج ده‌كرێت

چواس خالید – هەولێر
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌ستوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، خه‌رجكردنی بڕی زیادتر له‌ هه‌شتا ملیۆن دیناری عێراقی بۆ سێ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شاری سلێمانی ڕاگه‌یاند، كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری كۆنكرێتكردنی شه‌قام و نه‌خشه‌ی گه‌شتیاری و ماسته‌رپلان له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی ده‌چنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
له‌ ١٥ی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٥، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، به‌پێی سێ فه‌رمانی وه‌زاری، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی سێ گوژمه‌ به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی سێ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ بواری كۆنكرێتكردنی شه‌قام و چاپكردنی نه‌خشه‌ی گه‌شتیاری و پلانی پڕۆژه‌كانی ماسته‌رپلان له‌ سنووری پارێزگه‌ی سلێمانی.
تێچووی ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ی له‌ سلێمانی جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، هه‌شتا ملیۆن و دوو سه‌د و شه‌ست و دوو هه‌زار و سێ سه‌د و شه‌ست و حه‌وت دیناری عێراقییه‌.
گوژمه‌ی پێویست ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بڕی شه‌ست و پێنج ملیۆن و شه‌ش سه‌د و حه‌فتا و هه‌شت هه‌زار دیناری عێراقی، بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری كۆنكرێتكردنی شه‌قام له‌ گه‌ڕه‌كی پوره‌گوڵه‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ داندراوه‌، ئه‌و گوژمه‌یه‌ش له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانییه‌.
هاوكات گوژمه‌ی شه‌ش ملیۆن و نۆ سه‌د و نه‌وه‌ت و هه‌شت هه‌زار و پێنج سه‌د دیناری عێراقی بۆ چاپكردنی نه‌خشه‌ی گه‌شتیارییه‌، له‌ چوارچه‌وه‌ی پلانی په‌ره‌پێدانی سێكته‌ری گه‌شتوگوزار له‌ سلێمانی، ئه‌و بڕه‌ش له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی كه‌رتی گه‌شتیارییه‌.
باقی له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نیشانداوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ پارێزگه‌ی سلێمانی، بڕی حه‌وت ملیۆن و پێنج سه‌د و هه‌شتا و پێنج هه‌زار و هه‌شت سه‌د و شه‌ست و حه‌وت دیناری عێراقی بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی ماسته‌رپلان له‌ سنووری فه‌رمانگه‌كانی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی، به‌ مه‌به‌ستی بایه‌خدانی زیادتر به‌ ماسته‌رپلان داندراوه‌.
دوای ڕه‌زامه‌ندی نیشاندان و ته‌رخانكردنی بڕی پێویست، پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری ده‌چنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ده‌خرێنه‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی و نه‌ناردنی بودجه‌كه‌ی له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌ به‌ بیانوی جۆراوجۆری بێ بنه‌ما، له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌، كه‌ به‌ به‌رده‌وامی ڕۆژانه‌ و هه‌فتانه‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی ده‌كات، به‌پێی ئاماری كاره‌كانی چوار ساڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به‌رده‌ست ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، له‌و ماوه‌یه‌دا سێ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ پڕۆژه‌ی جیا جیا، به‌ گوژمه‌ی دوازده‌ ترلیۆن و هه‌شت سه‌د و سی و هه‌شت ملیار و شه‌ش سه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كردووه‌، ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ له‌ كوردستان نموونه‌ییه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا به‌ به‌رده‌وامی و هه‌موو ڕۆژێك دوو پڕۆژه‌ و نیوی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكراوه‌.