کارکردن لە پێناو زیادکردنی ڕیژەی سەوزایی هەولێر و بایەخدان بە زیادکردنی ژمارەی دارەکان و گرنگیپێدانیان بەردەوامە و لە پێناو بایەخدان و زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی لە دوورگەی ناوەندی و شەقام و شوستەکانى هەولێرى پایتەخت، تیمەکانی ئەندازەی پارک و باخچەکان لە سنووری بەشی شەش دەستیانکرد بە رێکخستنەوە و پاککردنەوەى سەوزاییی و تەقلیم کردن و بژارکردن و قۆرت لێدانی بن دارەکان و چاککردنی سیستەمی ئاودان، لە شەقامەکانى ( موسڵ، دادگا، تایە فرۆشان، مەخموور، 100 مەترى و گەڕەکەکانى 32 پاڕک ، نەورۆز، کوردستان، کلک مشک) لە ساڵی رابردوو 92 هەزار دار و 55 گوڵ لە شاری هەولێر چاندراون.
ساڵی ڕابردوو بایەخێکی زۆر بە ژینگەی هەولێر درا و وەک سارەوانی هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، چاندنی (92000) دار لەگەڵ (55000) گوڵ، چارەسەرکردن و کۆکردنەوەی ( 720،000) تەن خۆڵ و خاشاک بە گوژمەی 18 ملیار و 500 ملیۆن دینار. سەرباری ئەو هەوڵانەش، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بە پاکڕاگرتنی ژینگەی هەولێر کرد و سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی دا بەوەی پرسی ژینگەپاريزی بەشێکی گرنگی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستە ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بە پاکی ڕابگرین و پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگە ، ئەرکی هەموو لایەکمانە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەشدا چەندین بڕیاری گرنگ دران، لەوانە؛ هەر پاڵاوگەیەک ، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر. هەروەها دەبێ خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.