ئەنجوومەنی وەزیران گرفتی سەدان قوتابی ماستەر و دكتۆرا چارەسەر دەكات

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان گرفتى سەدان قوتابی خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆرا)ی چارەسەر کرد کە وەک وانەبێژ فەرمانى دامەزراندنیان بۆ دەرچووە.

لەسەر داوای وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران رەزامەندى دا لەسەر ئەوەى ئەو كەسانەی کە بە گرێبەست دامەزراون وەک وانەبێژ و ئێستا قوتابی خوێندنى باڵان لە ماستەر یاخود دکتۆرا، مافیان پارێزراو دەبێت و لە خوێندن بەردەوام دەبن تاکو تەواوکردنى قۆناغى خوێندنەکەیان.

هەر لە فەرمانە وزارییەکەى ئەنجوومەنی وەزیران هاتووە “دواى تەواوکردنى خوێندنەکەیان، ڕێکارەکانى بە گرێبەستکردن و دەستبەکاربوون بۆ قوتابییەكان ئەنجام دەدرێت بەو مەرجەى بە کردارەکى وانەبێژ بووبن و مەرجەکانى دامەزراندیان بە گرێبەست تێدابێت.

وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختیشی كردەوە، واتە ئەو قوتابییانە لە یەک کاتدا هەردوو مافى (خوێندن) و (دامەزراندنیان) پارێزراو دەبێت.