ڕۆژی چوارشەممە 15ـی 1ـی 2025 لە شاری هەولێر، کاتژمێر 11ـی بەیانی لە هۆڵی کتێبخانەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی (پ.د.ک)، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و نووسەران و ئەدیبان، ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە نووسەر و شاعیر و وەرگێڕی نێودار (ئەحمەد تاقانە) بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە (گوتار، ژیاننامە، پەیڤین، خەڵاتی ڕێزلێنان، دابەشکردنی کتێب)ی لە خۆگرتبوو، لە دەستپێکدا؛ بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریس)ـی هەمیشە لەیاد دەستی پێ کرد.
دواتر دکتۆر سالار عوسمان، گوتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند:
مامۆستا ئەحمەد تاقانە، دوو خەسڵەتی زۆر گرنگ و پڕ بەهای هەیە:
یەکەم: ئەحمەد تاقانە، لە نووسەرانەیە لە بواری جددیدا بە قووڵیی کاری کردووە، گەر سەیری بەرهەمەکانی بکەین زۆر بە وریاییەوە کاری کردووە، بەرهەمە پڕ بایەخەکانی مامۆستا، نیشانەی ئەوەیە ئەو پتر خوێنەرە.
دووەم: زاهیدبوون و خۆنەویستی، وێڕای ئەوەی بەرهەمەکانی مامۆستا ئەحمەد تاقانە زۆرن، بەڵام ئەو لە میدیا و سۆشیال میدیا دوورە، کە ئەمەش خەسڵەتی پیاوە گەورەکانە.
لە درێژەی گوتارەکەیدا د. سالار، ئەوەیشی خستە ڕوو؛
ئەو بەرهەمدارییەی ئەو هەیەتی خەسڵەتێکی تایبەتە دەتوانین وا پێناسەی بکەین، زۆرترین بەرهەم واتا سەرکەوتنی گەورە. بۆیە جێگەی دەستخۆشییە.
دواتر، ژیاننامەی شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ (ئەحمەد تاقانە) لەلایەن (ڕێدار سابیر) خوێندرایەوە.
بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکە تایبەت بوو بە خوێندنەوە بۆ لایەنی هزری و پێگەی کۆمەڵایەتیی شاعیر،
(محەممەد حەمە باقی) خوێندنەوەی بۆ ئەم دوو لایەنەی شاعیر کرد، هاوکات نووسەر شاعیر (سەباح ڕەنجدەر) لەبارەی ئەزموونی شیعریی (ئەحمەد تاقانە) ئاخاوت.
پاشان بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان خەڵاتی ڕێزلێنان، هەروەها گوڵی ڕێز و وەفای پێشکەش بە (ئەحمەد تاقانە) کرد.
لە دومایی ڕێوڕەسمەکەدا، (ئەحمەد تاقانە) گوتارێکی پێشکەشکرد و سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد، کە هەستاون بە ڕێکخستنی ڕێوڕەسمەکە.