مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، لەگەڵ ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و سووریا تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و سووریا تاوتوێ کرد.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا، چونکە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە و وەستانی، زیانێکی زۆری بە بودجەی گشتیی عێراق گەیاندووە.
لەلایەن خۆیەوە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، جەختی لە گرنگیی پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی وڵاتەکەی کردەوە.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پێویستی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی بودجەدا جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری بنێرێت.
هەر لەم دیدارەدا، دۆخی گشتی سووریا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو وڵاتە.
لە دیدارەکەدا، ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئهمهريكا لە هەرێمی کوردستان و سکۆت بۆڵز نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادەی بوون.