وهزارهتی دارایی و ئابووریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان وهڵامی بهیاننامهیهكی وهزارهتی دارایی فیدراڵ دهداتهوه.
سێشهممه، 14ـی كانوونی دووهمی 2025، وهزارهتی دارایی و ئابووریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ڕاگهیهنراوێكی له وهڵامی ڕاگهیهنراوێكی وهزارهتی دارایی فیدراڵی عێراق بڵاو كردووهتهوه كه له 12ـی كانوونی دووهمی 2025 سهبارهت به خەرجکردنی مووچە و شایستە داراییەکان بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دهریكردووه؛ هاوكات پرسیاری كردووه: “ئایا ئێمە هاووڵاتیی عێراقیین؟”
دهقی ڕاگهیهنراوهكهی وهزارهتی دارایی و ئابووریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان:
1-وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکات دادپەروەر نەبووە و پابەند نەبووە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ بەربەست، بەپێی کەشفی حسابی وەزارەتمان لە بانکی ناوەندیی عێراق لقی هەرێم/ هەولێر، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی تەنها (10,026,883,844,549) دیناری وەک شایستەی مووچوخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (2024) ناردووە، ئەمەش دوای ئەوەی بڕی (726,995,775,414) دیناری وەک لێبڕینی خانەنشینی و باجی داهات لە کۆی تەرخانکراوی هەرێم بڕیوە، لە کاتێکدا ئەو بڕەپارەیەی بۆ هەرێم تەرخان کراوە، بەپێی خشتەی (هـ) لە یاسای بوودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی (2024)، بریتییە لە (11,576,521,335,000) دینار، بەمەش دەردەکەوێت هەرێمی کوردستان بڕی (822,642,015,037) دیناری لە تەرخانکراوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ ساڵی ( 2024) لای حکومەتی فیدراڵی ماوە.
2-سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکان، ئاماژە بەوە دەکەین کە بڕی (4,347,484,382,654) دینار کۆی داهاتی نانەوتیی هەرێمە تا (2024/11/30) بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەی هەرێم کە مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە. لە بەشێکی بەیاننامەی وەزارەتی دارایی فیدراڵیدا هاتووە کە حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە ناردنی داهاتە نانەوتییەکان بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی، ئەوەش لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایار تا مانگی تشرینی یەکەم بڕی (399,168,964,500) دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بانکی ناوەندیی عێراق/ لقی هەرێم/هەولێر، بەپێی مادەی (29) لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە (6)ی ساڵی (2019) و ڕێککەوتنی هەردوو بەڕێزان سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر ناردنی ( 50%)ی داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان، ئەو بڕە داهاتە ناوخۆییەی کە ماوەتەوە، بۆ خەرجیی بەکارخستنی دامودەزگاکانی حکومەت و خەرجیی وەبەرهێنان لە هەرێم خەرج کراوە.
هەروەها بەشێکی تری ئەو داهاتە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە بەکار هاتووە لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە نادادپەروەرانەی کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم گرتوویەتە بەر، بۆ نموونە خەرجنەکردنی دەرماڵەی فەرمانبەران و پلەبەرزنەکردنەوەیان لە هەندێک لە وەزارەتە مەدەنی و سەربازییەکان بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەكان لە حکومەتی هەرێم، سەبارەت بە هۆکاری لێبڕینی ئەو بڕەپارانە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە نووسراویان ژمارە (29895) لە (2024/11/6) ڕایگەیاندووە: پێدانی دەرماڵە و پلەبەرزکردنەوە ڕاگیراوە، بە هۆی نەبوونی تەرخانکراوی پێویست لە خشتەکانی یاسای بوودجەی فیدراڵی. بەڵام دواتر دەرکەوت کە پێدانی دەرماڵە و پلەبەرزکردنەوە لە دامودەزگا فیدراڵییەکان بەردەوامە، بەپێی ئەو دوو فەرمانە وەزارییەی کە هاوپێچ کراون بە ژمارە (34618 لە 2024/8/13 و 42636 لە 2024/9/26 ) و ئەمەش باشترین بەڵگەیە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی جیاکاری.
3- لە بەردەوامیی ئەو سیاسەتەی کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی پەیڕەوی دەکات، ئەم وەزارەتە یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان دادپەروەرانە جێبەجێ نەکردووە، ئەو خاڵەى پەیوەندى بە لێبڕینی مووچەى خانەنشینییەوە هەبوو جێبەجێی کرد، بەڵام تەمویلی پارە زیادبووەکەی نەکرد، وەک لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هاتووە کە سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی پابەند کردووە بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم پابەند بووە بە خەرجکردنی بڕەپارەی زیادە لە داهاتە نانەوتییەکان کە دەکاتە نزیکەی (55) ملیار دیناری مانگانه، واتە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی ژمارە (212/اتحادیة/2022)ی وەک خۆی جێبەجێ نەکردووە.
4- دروستکردنی چەندین کێشە و ئاستەنگ بۆ خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێم، به پێچەوانەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژماره (224 وموحدتها 269/اتحادیة/2023)، وەک لە بڕگەی شەشەمی بڕیارەکەدا هاتووه که نابێت هیچ کێشە و ناکۆکییەک ببێتە هۆکاری ئەوەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا وەرنەگرن، هەروەها نەناردنی مووچە و شایستەکانی هەرێم بەپێی بڕگەی حەوتەمی بڕیاری ئاماژەپێکراو بە پێشێلکردنی (١٧) ماددەی دەستووری دادەنرێت، کە بریتین لە ماددەکانی ( 14 , 16 , 22 , 23 , 24 , 25 , 26 , 27 , 28 , 29 , 30 , 31 , 32 , 33 , 34 , 35 , 36 ).
5- سەبارەت بە تەمویلکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان (سەربازی و مەدەنی و چاودێریی کۆمەڵایەتی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان)، کە ژمارەیان (820268) کەسە، شایستەکەیان بریتی بوو لە بڕی (677,121,658,862) دینار بۆ مانگی کانوونی یەکەم (٢٠٢٤)، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها بڕی (264,698,348,912) دیناری بۆ ئەو توێژانەی سەرەوە ناردووە، لە کاتێکدا بەپێی نووسراویان ژمارە (35926 لە 2024/12/31) تەنانەت یەک دیناریشى بۆ مووچەی خانەنشینانی (مەدەنی و سەربازی) خەرج نەکردووە، سەرەڕای بوونی تەرخانکراوی پێویست دوای ڕەزامەندییان بۆ گواستنەوەی بڕی (430,000,000,000) دینار بۆ مووچەی خانەنشینی.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: چ یاسایەک ڕێگا بە خەرجکردنی یەک لەسەر سێی شایستەی مووچەخۆران دەدات؟!
6- بە هۆی بێبەشکردنی هەرێمی کوردستان لە خەرجکردنی شایستە داراییەکان بۆ بودجەی بەکارخستن و وەبەرهێنان لەناو خشتەکانی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بوودجە حکومەتی فیدراڵ ، هەرێمی کوردستان ناچار بووە لە داهاتی نانەوتی ئەو خەرجییانەی دابین بکات، ئەمەش لە کاتێکدایه وەزارەتی دارایی فیدراڵی، بڕی (22,082,901,444,287) دیناری بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خەرج کردووە، لەگەڵ پێدانی بڕی (4,737,106,068,628) دینار وەک پێشینە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگاکانی تری عێراق، بەبێ ئەوەی هیچ بڕەپارەیەکی بۆ هەمان مەبەست بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
7- بانگەشەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بارەی تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی مانگانە ڕاست نییە، بەو پێیەی ئەو پارانەی بە شێوەی چەند گوژمەیەک ناردووە، کە هەندێکجار مووچەی مانگێک بە هەشت گوژمە هاتووە و مووچەی مانگێک لە وادەی دیاریکراوی خۆی بۆ مانگی دواتر تێپەڕیوە، هەروەها بە بیانووی جۆراوجۆر خەرجکردنی مووچەی بۆ هەندێک وەزارەت و دەستە ڕاگرتووە بۆ ماوەیەکی درێژ کە گەیشتووەتە پێنج مانگ، بە پێچەوانەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی و یاسا کارپێکراوەکان و مافە دەستوورییەکان، وەک لە (کشف حساب)ی هاوپێچدا هاتووە تایبەتە بە تەمویلکردنی مانگانەی وەزارەتمان کە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە بانکی ناوەندیی عێراق/ هەولێر پارەدار(تەمویل) دەکرێت.
8-سەبارەت بە پڕۆسەی (توطین)ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە تەواوکردنی پڕۆسەی (توطین) لە ڕێگەی پرۆژەی (هەژماری من) و بە پشتبەستن بە نووسراوی دادگای فیدراڵی ژمارە (111/ت.ق/2024/1405 لە 7/3/2024) نێردراوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕێگەی بە (توطین)کردنی مووچەی فەرمانبەران داوە لە بانکە حکومی و ئەهلییەکان کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەت پێدراون؛ تا ئێستا نزیکەی (750) هەزار فەرمانبەر تۆمار کراون، لەو ژمارەیەش مانگی ڕابردوو (220) هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی پڕۆژەی (هەژماری من) مووچەکانیان وەرگرتووە و ئەو ڕێژەیەش بەردەوام لە زیادبووندایە.
ڕایدەگەیەنین وەزارەتمان ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ پێشوازیکردن لە هەر لیژنەیەکی پسپۆڕ بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەکان، چ نێودەوڵەتی بێت یان عێراقی، دەرگای وەزارەتمان بەردەوام کراوەیە بۆ هەموو لایەک، هەروەک چۆن لە ڕابردووشدا کراوە بووە بۆ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان.
(دوای ئەم هەموو جیاکارییە ئەرێ ئێمە هاووڵاتیی عێراقیین؟)