دڵشاد شەهاب: بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ڕێوشوێنێکی باش دانراوە

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە بەغدا بۆ هەموو لایەنەکان روونکراوەتەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی بە شەفافییەتەوە جێبەجێ کردووە.

دووشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2025،  دڵشاد شەهاب لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان رێوشوێنێکی باش دانراوە، هەروەها لەبارەی ئەو پرسانەی کە ماون، هەموو لایەنەکان هاوڕابوونە لەسەر ئەوەی پێویستە لە ئایندەیەکی نزیکدا دانیشتنەکانی نێوان تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی حکوومەتی فیدڕاڵ بکرێن.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گوتی: بۆ هەموو لایەنەکان ڕوون کرایەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیە و هەموو پابەندییەکانی کە لە ڕێککەوتنەکان بەپێی یاسا کەوتوونەتە ئەستۆی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمووی وەکو خۆی جێبەجێ کردووە، بە شەفایەتێکی تەواو هەموو پابەندییەکانی بەرامبەر بە بڕیارەکان و یاسای بوودجە، یاخوود ڕێککەوتنەکان جێبەجێکردووە.

دەڵێت: هەمووان لەسەر ئەوە کۆک بوون، بەتایبەتیش سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ محەممەد شیاع سوودانی دەبێت بۆ لەمەودوا ئەو کۆبوونەوانە لەنێوان تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی حکوومەتی فیدراڵی ئەنجام بدرێت، گوتی: ڕێکاری باش گیراوەتە بەر بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، دووپاتیش  لەوە کراوەتەوە، لەوەتەی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، زیانێکی زۆر بە گەنجینەی عێراق کەوتووە.