ئەمساڵ لە سنووری قەزای مێرگەسۆر کەمترین ڕێژەی باران بارین تۆمار کراوە، لە لوتکەی چیاکانیش بەفر بە ئاستێکی کەم باریوە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، دەڵێت، ڕێژەی باران بارینی ئەمساڵ لە ناوچەکە ٩٤٠ ملم لە بارانی پار ساڵ و ئەم وەرزە کەمترە و سەرچاوەی کانیاوەکانیش نەبووژاونەتەوە.
بەھۆی کەمی ڕێژەی باران بارین و بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان سەرچاوەی کانیاوەکان نەبووژاونەتەوە و ئاستی ئاوی ڕووبارەکانیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
وشکە ساڵی و کەمی باران بارینی ئەمساڵ جووتیارانی نیگەران کردووە و دەڵێن، زیانی بۆ بەرھەمی چاندن و کەرتی کشتوکاڵی ھەیە، بەپێچەوانەوە ئەگەر باران ببارێت بەروبوومی کشتوکاڵی زیاد دەبێت و سەرچاوەکانی ئاویش زیاد دەبن.
ئەندازیار محەممەد مێرگەسۆری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئەمساڵ تا ئەمڕۆ ١٨٩ ملم باران و ٤ سم بەفر باریوە، پار ساڵ تا ئەمڕۆ ١١٢٩ ملم باران و ٧ سم بەفر باری بوو، واتە حەوت بەرامبەر زیاتر، ئەمساڵ ڕێژەی باران بارین زۆر کەم بوو، لەگەڵ ئەوەی تەنیا ٤ سم بەفر لە سەنتەری شاری مێرگەسۆر باریوە، ئەگەر وا بڕوات و باران نەبارێت مەترسی لەسەر بەروبوومی جووتیاران ھەیە.