ڕائیب جادر – هەولێر
دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم سەبارەت بە ھەڵگرتنی ڕسووماتی سەر ھاوردەکردن و ھەرزانبوونی ئاژەڵی زیندوو، نرخی گۆشتی سوور کیلۆی بۆ ١٢ ھەزار دینار دابەزی. فیراس سەدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: سامانی ئاژەڵ لە ھەرێم لە گەشەکردندایە و بە سەدان پڕۆژە و پێنج ملیۆن ئاژەڵی گەورە و بچووک لە ھەرێمی کوردستان ھەن. دەشڵێ: ساڵانە خەڵکی ھەرێمی کوردستان ٩٠ ھەزار تۆن گۆشتی سوور دەخۆن.
کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ زیاتر بووە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاریدا بە بەخشینی ٥٠% گومرک لەسەر ھاوردەکردنی ئاژەڵ، ئەمەش وای کرد نرخی گۆشتی سوور چوار ھەزار دینار دابەزێت. بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرک، داشکاندنی ڕەسمی گومرک، بە ڕێژەی ٥٠% بۆ گۆشتی ئاژەڵی زیندوو خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئاژەڵەکانی وەکو مانگا، جوانەگا، گۆلک، مەڕ و بزن دەگرێتەوە. گۆشتفرۆشان بەشێوەیەکی بەرچاو نرخی گۆشتی سووریان دابەزاندووە، وەکو خۆیان دەڵێن، لەبەر دوو ھۆکار نرخی گۆشتییان دابەزاندووە، یەکەم لەبەر ئەوەیە خەڵک ھەژارە، دووەمیان نرخی مەڕ و ماڵات ھەرزان بووە، ئەگەر ئاژەڵی دەرەوە زیاتر ھاوردە بکرێت دابەزینەکە زیاتر دەبێت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، دوای بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت ئێستا جموجۆڵی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ زۆر باشتر بووە، ئەگەر پێشتر ڕۆژانە دوو ئاژەڵمان فرۆشت بێت، ئێستا شەش ئاژەڵ بگرە زیاتریش دەفرۆشین، پێشبینی دەکەین لە داھاتوویەکی نزیکدا نرخی گۆشتی سوور زیاتر دابەزێت.
دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەت نرخی گۆشتی سوور دابەزی
ھەوڵەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوون بۆ بازاڕە ناوخۆییەکان و دابینکردنی پێداویستی ھاووڵاتییان بۆ کەلوپەل و بەرھەمە کشتوکاڵیەکان بەردەوامە، چەند ڕۆژێکە نرخی ئاژەڵ بەشێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ڕووی لە دابەزینە، بەو ھۆیەوە نرخی گۆشتی سوور لە ھەرێمی کوردستان بەراورد بە مانگەکانی ڕابردوو، دابەزینی باشی بەخۆیەوە بینیوە، چاودێری بازرگانیی بڕیاریدرا بە دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور، بەرزترینی کیلۆی بە ١٦ ھەزار و کەمترینی بە ١٢ ھەزار دینار. فیراس سەدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ڕاگەیاند، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کە لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوو دەرچوو، بە داشکاندنی ٥٠%ی گومرک لەسەر ھاوردەکردنی ئاژەڵ، ھۆکار بوو بۆ ئەوەی جموجۆلی بازرگانی لە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە خستنەڕووی ئاژەڵ بۆ ناو بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان زیاتر ببێت، دواکەوتنی دابەزینی نرخی گۆشتی سوور پەیوەندی بە لیژنەکانی قایمقامیەت و چاودێری بازرگانییەوە ھەیە، ھەر کاتێک بریارێکی لەو شێوەیە دەدرێت دەبێت لیژنەکان ورتر چاودێری بازاڕ بکەن، بۆ ئەوەی نرخی گۆشتی سوور زیاتر دابەزێت، ڕاستە تۆزێک بڕیارەکە دواکەوت، بەڵام ئێستا ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە نرخی گۆشتی سوور دابەزیوە، بەتایبەتی چاودێری بازرگانی ھەولێر زیاتر چاودێری بازاڕ دەکات، لە ماوەی ڕابردوودا زۆر شوێن سزا دراون، ئەوەش وا دەکات کە نرخی گۆشت و کەلوپەلی دیکە زیاتر دابەزێت، ئەمەش بۆ بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.
سامانی ئاژەڵ لە ھەرێم لە گەشەکردندایە
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ئاشکراشی کرد: ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت تەنیا بۆ ئەو ئاژەڵانە نەبووە کە سەردەبڕدرێن، بڕیارەکە ئەو خاوەن ئاژەڵانەشی گرتەوە کە ئاژەڵ لە ماڵ بەخێو دەکەن، تەنانەت ئەوانەش کە ئاژەڵی بچووک دێنن بۆ ناو ھەرێمی کوردستان و بەخێو دەکەن، ئەوانیش سوودمەند بوون لە بڕیارەکە، ئەم بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت دوو خاڵی تێدا بوو، یەکەم ھەم بۆ پڕۆژەکان بۆ ئەوەی بەرھەمی خۆماڵی و ناوخۆ زیاد بێت، دووەمیش بۆ ئەوەی گۆشتی سوور لەسەر ھاووڵاتی گران نەبێت، ئاژەڵی گەورەشی بۆ سەر بڕین گرتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت تەواو لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییاندایە، خۆ ئەگەر لە دیوەکەی دیکە تەماشا بکەین بەس لە ھەرێمی کوردستان گۆشت گران نەبووە، بەڵکو لە وڵاتێکی وەکو تورکیا نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لەسەرووی ٣٠ ھەزار دینارە، سەرەڕای ئەوەی ھۆکارەکان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەبوون، بەڵام سەرۆکی حکوومەت لە خەمخۆری بۆ ھاووڵاتییان ھەستا بە کەمکردنەوەی باج، لە کاتێکدا حکوومەت لەو بڕیارە زەرەرمەندە، چونکە باج کەم بووەتەوە، بەڵام ئەم ھەنگاوەی ناوە بەو ئاراستەیە کە نرخ گران نەبێت، لەگەڵ ئەوەی گرانییەکە، گرانییەکی جیھانییە، لە ھەموو وڵاتانی دنیا نرخی گۆشت گرانە، ئەگەر بەراوردی بکەین ھەرێمی کوردستان لە ئاستی جیھان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ھەرزانترین نرخی گۆشتی تێدایە.
ئاژەڵ لە ھەموو وڵاتانەوە ھاوردەی ھەرێم دەکرێت
فیراس سەدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، زیاتر گوتی: ئاژەڵ لە ھەموو وڵاتانەوە ھاوردەی ھەرێم دەکرێت، ئەوەی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەو وڵاتە نەخۆشی تێدا نەبێت، سیستەمی ڤێتەرنەری، سیستەمێکی پێشکەوتوو بێت، ھەر وڵاتێک نەخۆشی تێدا بێت، ئێمە مۆڵەت نادەین بە ھاوردەکردنی ئاژەڵ لەو وڵاتەوە، کاتێکیش ئاژەڵ ھاوردە دەکرێت پشکنین بۆ ئاژەڵەکە دەکرێت، لە ھەمان کاتدا لە وڵاتەکەی خۆی کەرەنتین دەکرێت، دواتر لەسەر سنووری ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کەرەنتین دەکرێت، بۆ ئەوەی ھەر حاڵەتێکی نەخۆشی ھەبێت لەناو ببرێت، دواتر دەھێنرێتە ناو ھەرێمی کوردستان، بۆیە ھەموو وڵاتێک کراوەیە، بەڵام بە مەرجێک نابێت نەخۆشی تێدا بێت، لە ھەمان کاتدا دەبێت سیستەمی ڤێتەرنەرییەکەی پێشکەوتوو بێت.
لە ھەرێمی کوردستان ١٠٥ پڕۆژەی وزەی بەرھەمھێنان ھەن
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ڕوونیشیکردەوە: لە پڕۆژەی دابەستنی گۆلکدا، پێشتر ٦٥ پڕۆژەی ٢١ ھەزار سەری ھەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەی پڕۆژەکان بۆ ١٠٥ پڕۆژەی دابەستنی گۆلک بەرزبووەتەوە و توانای بەرھەمھێنانیش لە ٢١ ھەزارەوە بۆ ١٠٣ ھەزار سەر بەرزبووەتەوە، واتە ٣٥٠% زیادی کردووە، جگە لە پەلەوەر و ھێلکە کە لەوانە ئاستی خۆبژێویمان نەبووە، ئێستا ئاستی خۆبژێویمان تێپەڕاندووە و بڕی بەرھەمی زیادمان ھەیە.
ساڵانە خەڵکی ھەرێمی کوردستان ٩٠ ھەزار تۆن گۆشتی سوور دەخۆن
لە کۆتاییدا فیراس سەدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، گوتی: لە ھەرێمی کوردستان چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ئاژەڵی بچووک و ٢٥٠ ھەزار ئاژەڵی گەورە ھەن، ساڵانە خەڵکی ھەرێمی کوردستان ٩٠ ھەزار تۆن گۆشتی سوور دەخۆن، ٤٥%ی لە ناوخۆ بە ئاژەڵی خۆماڵی و ٥٥%ی دیکە بە ئاژەڵی ھاوردە پڕ دەکرێتەوە.