ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ قایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، داوای کردووە مافی مووچەخۆرانی هەرێم تێکەڵ بە بابەتی دیکە نەکرێت.
دووشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرای کردووە،
ئەمڕۆ لە بەغداد سەردانی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراقی کردووە، لەو سەردانەشدا سڵاو و رێزی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق راگەیاندووە، دواتر بە وردی باسی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان لەگەڵیان کردووە.
ڕێباز حەملان ئاماژە بەوە دەکات، لەسەر بودجەو مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت، داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق کردووە هاوکار و هەماهەنگ بێت بە پێی دەستورو بە پێی یاسای بودجە و دابینکراوەکانی هەرێم، هاوکات بەپێی بریارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەو هاوتاکردنی خانەنشینی و تۆمارکردنی فەرمانبەران و مووچەخۆران لەو بانکانەی لە هەرێمی کوردستانن و مۆڵەتی بانکی ناوەندی عێراقیان هەیە، بریارەکانی دادگای فیدراڵی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و مافی مووچەخۆرانی هەرێم تێکەڵ بە بابەتی دیکە نەکرێت.