سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی داوە بۆ دابینکردنی کەلوپەلی پزیشکیی بۆ نەخۆشخانەکان و فراوانکردنی سەنتەری دڵ لە زاخۆ.
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دووشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند ”مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا بۆ دابینکردنی کەلوپەل بۆ نەخۆشخانەی منداڵان لە زاخۆ.”
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوتیشی: ”نەخۆشخانەکە لە قۆناغی کۆتایی دروستکردندایە، بەم نزیکانە دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییان”
هەروەها گوهدار شێخۆ ئاماژەی بەوەش کرد ”لەگەڵ چەند دکتۆرێک قسەم کردووە بۆ فراوانکردن و کاراکردنی سەنتەری دڵ لە زاخۆ، بۆ ئەمەش پێویستیمان بە چەند ئامێرێکی پزیشکیی پێشکەوتوو هەیە.”
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ڕاشیگەیاند ”کار لە نێو بینای نەخۆشخانەی باتیفا دەکرێت، ئەویش بەم نزیکانە دەکرێتەوە.”