سەرۆکی هەرێمی کوردستان و به‌ڕێز نوورى ئه‌لمالكى، دۆخى وڵات تاوتوێ ده‌كه‌ن

هه‌ر له‌ به‌رده‌واميى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غدا، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2025/1/13 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز نووری ئه‌لمالکی، سەرۆکی هاوپەیمانيی دەوڵەتی یاسا، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بەهێزکردنی هاوبەشيی نیشتمانی و چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدايان بەپێی دەستووری عێراق تاوتوێ کرد. له‌مباره‌يه‌وه‌ هاوڕا بوون لەسەر گرنگيی پابەندبوون بە دەستوور بۆ دەستەبەرکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراق.

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستيی لێكگه‌يشتن و بەهێزکردنی دیالۆگی سیاسی لەنێوان هێز و لایەنە عێراقييه‌كاندا و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەنووکەییەکان و ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌م وڵات.

لە ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسیان لە پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، به‌تايبه‌تى دۆخى سووريا كرد و تيشكيان خسته‌ سه‌ر ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانى دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر عێراق و ناوچه‌كه‌. له‌مباره‌يه‌وه‌ داكۆكييان لەسەر گرنگيی کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات كرده‌وه‌.