نێچیرڤان بارزانی و موسەننا سامەڕانی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە تاوتوێ دەکەن

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانيی عەزم لە بەغدا کۆبوونەوە. جەختیان لە پێویستی پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق کردەوە.
لە درێژەی کۆبوونەوەکانی دا لە بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “هەردوولا دۆخی سیاسیی وڵات و چۆنیه‌تیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانيان تاوتوێ كرد، بە شێوەیەک کە یارمەتيی سەقامگیريی عێراق بدات و کاری هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی كێشه‌کان پەرە پێبدات”.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “هەردوولا تیشکیان خسته‌ سه‌ر هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ و جەختیان لەسەر پێویستيی پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق و دەستەبەرکردنی یەکسانی لە نێوانیاندا کردەوە، بە شێوەیەک کە پێکەوەژیانی ئاشتیيانە بەهێز بکات و گيانى دادپەروەری وه‌ک لە دەستووری عێراقدا هاتووە، بەرجەستە بکات”.
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، 12-01-2025، نێچیرڤان بارزانی گەیشتە بەغدا و سوودانی بە گەرمی پێشوازیی لێکرد. دواتر بەشدارییان لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد.
بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کورستان ئەمڕۆ لە بەغدا 18 کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حیزبی و حکومی هەبێت.
دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و سامەڕائی:
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2025/1/13 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، لەگەڵ بەڕێز موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانيی عەزم کۆبووەوە.
هەردوولا دۆخی سیاسیی وڵات و چۆنیه‌تیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانيان تاوتوێ كرد، بە شێوەیەک کە یارمەتيی سەقامگیريی عێراق بدات و کاری هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی كێشه‌کان پەرە پێبدات.
هەردوولا تیشکیان خسته‌ سه‌ر هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ و جەختیان لەسەر پێویستيی پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق و دەستەبەرکردنی یەکسانی لە نێوانیاندا کردەوە، بە شێوەیەک کە پێکەوەژیانی ئاشتیيانە بەهێز بکات و گيانى دادپەروەری وه‌ک لە دەستووری عێراقدا هاتووە، بەرجەستە بکات.
لە ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باس لە دۆخی ناوچه‌كه‌ کرا و هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگيی به‌رپرسیاریه‌تیی هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگى و هاريكاريى هه‌موو هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى كرده‌وه‌.