پارێزگاری هەولێر جەختی كردەوە كە بۆ چارەسەكردنی كێشەی پیسبوونی ژینگە، سەرجەم ئەو پاڵاوگە و مۆلیدە و ئۆتۆمبێلانەی پابەندی یاسا و رێنماییەكان نابن و ژینگە پیس دەكەن، توندترین سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت، جەختیشی كردەوە كە لە بەیانییەوە هەموو رێكارێك بەرامبەر ئەوانە دەگیرێتەبەر كە ژینگە پیس دەكەن.
لەپێناو جێبەجێکردنی فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوا، ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر سەرجەم لایەنەکانى ڕاسپارد ئەوەی پێویست بێت بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بیکەن و ژینگەی هەولێر پاک بکرێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر جەختى لەوە کردەوە كە لە بەیانییەوە هەموو ڕێکارەک بگیرێتەبەر بەرامبەر هەموو ئەوانەى کە ژینگە پیس دەکەن، هەر لە داخستن تاکو دەستگیرکردن، هەر شوێنێک ببێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت و بۆ ئەو پرسەش چاوپۆشی لە کەس نەکرێت.
دواتر ئومێد خۆشناو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی گوتی “لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر هەبوون، لە بەردەوامی هەوڵەکانمان زۆرینەیان ئەو پاڵاوگانە داخراون بەتایبەت ئەوانەی بوونەتە هۆکاری پیسکردنی ژینگەی شارەکەمان”.
هەروەها گوتی “تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 50 پاڵاوگەی نایاسایی داخراون کە تەواو کاریگەرییان لەسەر پیسکردنی ژینگەی هەولێر هەبوو، هیچ یەک لەو پاڵاوگانە ئێستا نەماون، ئەو پاڵاوگانەى ئێستاش ماون بەپێی مەرجی ژینگەیی کار دەکەن”.
گوتیشى “هەموو ڕێکارێک بەرامبەر ئەوانە دەگیرێتەبەر کە ژینگە پیس دەکەن، لە داخستن و دەستگیرکردن، خەڵکێکی زۆریش لەسەر پیسکردنی ژینگە دەستگیر کراون، هەر شوێنێکیش ببێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و چاوپۆشی لەگەڵ ناکرێت”.
سەبارەت بە مۆلیدە ئەهلییەكانیش، ئومێد خۆشناو گوتیشی “ڕۆژانە لێپرسینەوە لەگەڵ موەلیدەکان ئەهلییەکان دەکرێت و بەدواداچوونی بەردەوامیشیان بۆ دەکرێت، هەموو موەلیدەکان دەبێت کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن لە دەنگ و پیسکردنی ژینگە بەر لەوەی دووچاری لێپرسینەوە بن”.
لەبارەی ئۆتۆمبێلیشەوە، پارێزگاری هەولێر گوتی ” پۆلیسى هاتوچۆى هەولێریش دەستى کردووە بە هەڵمەتێکى فراوان بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانهی كه دووكهڵ دهكهن و زیان به ژینگه دهگهیهنن، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و هەر ئۆتۆمبێلێک ژینگە پیس بکات، دەستی بەسەردا دەگیرێت”.
بۆ وێستگەى هەڵمى خەباتیش، ئاماژەی بەوە دا “داوامان لە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان کردووە، لەو وێستگەیەدا مەرجەکانی ژینگەپارێزی جێبەجێ بکرێت، لەو نزیکانە ئەویش چارەسەر دەکرێت”.