ئەمساڵ دارەتوو و کەسنەزان و قوشتەپەش بۆ جاری دووەم نەوت وەریدەگرن

بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر دەڵێ، بڕیارە پێش ٢٠ی ئەم مانگە نەوتی سپی لە بەغداوە بگاتە ھەرێمی کوردستان و دەست بە دابەشکردنی بکرێت، کە نرخەکەشی نزیکەی ٣٠ ھەزار دینار دەبێت، چونکە ھەر خێزانێک ١٠٠ لیتر نەوتی پێدەدرێت، بەھۆی ئەوەی بڕەکە کەمە و بەشی ھەمووان ناکات. ئاری کاکەشین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بەغدا ڕەزامەندیی لەسەر ناردنی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە و نووسراویشی پێدەرچووە و ئێمەش ڕێکارمان گرتووەتە بەر و کۆمپانیایەک ڕادەسپێردێت بۆ گواستنەوەی نەوتەکە، بۆیە ئەو کۆمپانیایە دەچێتە بەغدا و کارەکان تەواو دەکات، کە پێش ٢٠ی ئەم مانگە نەوتەکە دەگات و بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرێت. کاکەشین گوتیشی، ھەموو خێزانێک لە ناوچە شاخاوییەکان ١٠٠ لیتر نەوتی پێدەدرێت لە ھەریرەوە تا بەستۆرە و قەزای کۆیە و تەقتەق و پیرمامیش نەوت وەردەگرن، هەروەها دەوروبەریش پارساڵ نیوەی نەوتەکەیان وەرگرت و ئەمساڵ ئەوانەی ماون وەکو دارەتوو و قوشتەپە و کەسنەزان وەریان نەگرتووە، ئەمساڵ وەریدەگرن. ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئەو نەوتەی بە خەڵکی خۆمان دەدرێت، کە ھەر خێزانێک ١٠٠ لیتری پێدەدرێت، نرخەکەی نزیکەی ٣٠ ھەزار دینار دەبێت.