پرۆژەی ڕاكێشان و باشتركردنی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت

 

‎ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/1/2025، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەشێك لە كۆمپانیا ناوخۆییەكان تایبەت بە پرۆژەی ڕاكێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی نێو شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە هەر یەكە لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر و سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە ئامادەی بوون، باشتركردنی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی شاری هەولێر لە ڕێگەی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی گەورەوە گفتوگۆی لەبارەوە كرا.

‎پرۆژەی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی هەولێر، یەكێكە لە پرۆژە گەورەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەستنەوەی هێڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر لەگەڵ تۆڕەکانی ناوشاری هەولێر و بۆ مەبەستی چاكسازی و باشتركردنی پرۆسەی گەیاندن و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییانی شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت.