پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە شاندێکى باڵاى بازرگانى ئەنەدۆڵی رۆژئاوا و کونسڵانی بازرگانى وڵاتی تورکیا لە هەولێر کرد

 

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2025.1.9 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە شاندێکى باڵاى یەکێتی هەناردەکارانی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆل و کونسڵانى بازرگانى کونسڵخانەى وڵاتى تورکیا لە هەولێر کرد، بە سەرۆکایەتى ئەدهەم تانریڤەر، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی یەکێتیەکە.

لە دیدارەکەدا، کە گەیلان حاجى سەعید، سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێر ئامادەى بوو، تیشك خرایه‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێر و یەکێتی هەناردەکارانی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆل و ته‌ئكید له‌ گرنگى په‌ره‌پێدانى پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى تورکیا کرایەوە، هەروەها كاركردنى پێكه‌وه‌یی بە گرنگ زانرا و گفتوگۆ لە بارەى ڕەوشی ئابووری و چۆنیەتى بەهێزکردنى جوولە و ڕه‌وشی بازرگانی و بەرەوپێشبردنى پیشەسازى و وەبەرهێنان لە نێوان هەردوولادا کرا.

لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى بوژانه‌وه‌ی چالاكی ئابووری و بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كان و دابینكردنی پێداویستیه‌كانی هاوڵاتییان و بازاڕه‌كانی هه‌رێم به‌ كوالێتییه‌كی باش و پوخت کرا، هەروەها گرنگیدانى كابینەی نۆیەمى حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەردوو سێكتەری بازرگانی و پیشەسازیی تەوەرێكی دیكەی دیدارەکە بوو.

دواتر شاندى میوان، بەوردی باسی لەو پڕۆژانه‌ کرد کە لە بەردەستیاندایە، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنان، جەختى لەوەوەکردەوە کە پەیوەندییە بازرگانیەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتى تورکیا لە ئاستێکى باشدایە و ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرەپێدانی بازرگانى و کەرتی گەشتیارى و پیشەسازییە لەگەڵ وڵاتان، بۆ ئەو مەبەستەش ڕایگەیاند، هەمیشە دەرگامان کراوەیە بۆ هەر پرۆژەیەکى بازرگانى، پێشەسازى، گەشتیارى، کشتوکاڵی، وەک پارێزگاى هەولێریش لە چوارچێوەى یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان ئامادەیی هەموو پشتیوان و هاوکارییەکین.

لە کۆتاییدا شاندى میوان، زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێریان کرد بۆ پشتیوانی و هاوکاریان و ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کرا.