بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر داوا لە هاوڵاتییان دەکات لەکاتی گەشتکردندا ئاگاداری بەڵگەنامە تایبەتییەکانیان بن.
پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش، ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە:
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووریی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشــتیی ئاسایش، ئاگاداری ئەو هاوڵاتیانە دەکاتەوە کە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن و هەڵگری (ڤیزەکارد) یان (ماستەرکارد) ی بانکین، لە کاتی گەشتکردندا پێویستە:
1- لەکاتی گەشتکردنیاندا ڤیزەکارد یان ماستەرکارد بەناوی خودی گەشتیارەوە بێت، بەپێچەوانەوە کارتە بانکییەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت و هاووڵاتییەکەش ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت.
2- ئەو هاووڵاتییانەی هەڵگری ژمارەیەکی زۆر لە ڤیزەکارد یان ماستەرکارد، بەناوی خەڵکی ترەوەن و بەناوی خۆیان نییە، لە کاتی گەشتکردنییان ڤیزەکارد یان ماستەرکاردەکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت و هەم هەڵگری ئەم جۆرە کارتانەش و هەم ئەو هاوڵاتییانەی کە ڤیزەکارد یان ماستەرکاردەکانیان بە ناوەوەیە، ڕووبەرووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە وکارتە بانکییەکانیش بلۆک دەکرێن.
لە ڕاگەیێندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە “داوا لە هاووڵاتییانی بەرێز دەکەین ئاگاداری بەڵگەنامە تایبەتییەکانییان بن و ڕێگە نەدەن خەڵکی تر بەکارییان بهێنێت بۆ دروست کردنی هەژماری بانکی و کارتی بانکی، یان کارتەکانییان بدەنە کەسانی دیکە، بۆ ئەوەی تووشی لێپێچینەوەی یاسایی نەبنەوە.”