گۆڕانکارییەکانی سووریا دەکرێت ببێتە دەروازەیەک بۆ بەهێزبوونی کوردانی ڕۆژئاوا و دەستخستنی ماف و داخوازییەکانیان لە سووریای نوێ و دەکرێت ببێتە دەروازەیەکیش بۆ گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر و دووبارە پێشێلکردنی خاک و مافی کوردانی ڕۆژئاوا، ئەوەش کەوتووەتە سەر هەڵوێستی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوا و ئامادەکارییان بۆ قۆناغەکە.
لە سەرەتای گۆڕانکارییەکانی سووریادا، کاوە ئازیزی، سیاسەتمەداری ڕۆژئاوای کوردستان و مامۆستای زانکۆ، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” لەبارەی سووریای نوێوە، ڕایگەیاند: ئێستا سووریایەکی دیکە دەبینین، ئەم قۆناغە بۆ کورد نوێیە، ئەوە نەما لایەنێک تەنیا بڵێ من تەمسیلی کورد دەکەم، پێویستە ھەموو لایەنە کوردییەکان پێکەوە چارەیەک بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی بۆ لایەنەکانی دیکە دیار بکەن کە چییان دەوێت.
ئەو سیاستەمەدارەی ڕۆژئاوا باسی لەوە کرد، چەند کەوتنی ڕژێمی بەعس بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگ بوو، ئەوەندە کەوتنی ڕژێمی بەعس لە سووریا بۆ کوردانی ڕۆژئاوا گرنگە، ئەم قۆناغە بۆ کورد نوێیە، ئەوە نەما لایەنێک تەنیا بڵێ من تەمسیلی کورد دەکەم، بۆیە دەبێت کورد بە ھەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە بکات، ئەو گرژیی و ئاڵۆزییانەی کە لە نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە ھەن، دەبێت بەلاوە بنرێن و دەست لەناو دەست و بەرەیەکی کوردستانی دروست بکەن، ئەوەش بە ئامادەبوونی لایەنی سێیەم، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە سەر بگرێت و وەکو ئەوانی دیکە کە لە ڕابردوو کران پەیەدە لێی پاشگەز نەبێتەوە، چونکە ھێشتا ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر ھەڕەشەدایە.
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، دەبێت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر خۆ لە پەکەکە جیا بکاتەوە و بە ئاشکرا بڵێ ھیچ پەیوەندییەکیان بە ئەوانەوە نەماوە، چونکە ھەتا پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان بێت، بارودۆخی ڕۆژئاوا ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت، ھەندێک وڵات و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەش ڕازی نابن و ھێرش دەکەنە سەر ڕۆژئاوا و بارودۆخی ئەو بەشەی کوردستان ئەو کات بە تەواوەتی تێکدەچێت، بۆیە دەبێت لایەنەکانی ئەو بەشەی کوردستان بە ھەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە بکەن.
سەرۆک بارزانی، هەر لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی سووریاوە، لە هەوڵی ئەوەدابوو کوردانی سووریا لە گۆڕانکارییەکاندا بەهێزبن و بتوانن بە مافەکانی خۆیان بگەن و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش باوەڕی پتەویان بە پشتگیری کوردانی ڕۆژئاوا هەبوو، هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ هەزاران ئاوارەی ڕۆژئاوا کردەوە و تیایدا پاریزراو بوون.
لە نوێترین هەڵوێستیدا سەرۆک بارزانی، لە میانی پێسوازیکردنی لە شاندێکی ئەنەکەسە جەختی لە پشتیوانیکردنی دۆزی گەلی کورد لە سووریا و پێویستیی یەکڕیزیی و یەکهەڵویستیی لایەنە کوردییەکان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە سووریا و پشتبەستن بە دیالۆگ و ڕێکاری ئاشتیانە کردەوە.
ئەمجارە دەرفەتەکە گەورەیە و پێویستە لایەنەکانی ڕۆژئاوا بە پێی ئامۆژگارییەکانی سەرۆک بارزانی، هەوڵی ڕێکخستنی نێوماڵی خۆیان بدەن و کێشەی کورد لە ڕۆژئاوا بەرەو جارەسەری بنەڕەتی ببەن.
رووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد جارێکی تر کوردی وەک فاکتەرێکی گرنگی سیاسیی و ئەمنیی زەق کردووەتەوە، ئەگەر ژمارەیەک لە وڵاتانی سوێندخواردوو و نەیاری کوردی لێ دەربکەین، ئەوانەی تر قسەی باش لەبارەی کوردەوە دەکەن و بە کاراکتەرێکی گرنگی دادەنێن و پێیان وایە دەبێت ڕۆڵێکی زۆر کارای پێ بدرێت.
کورد لەو پارچەیەی کوردستان کە لەدوای ساڵی ٢٠١١ ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخسا دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەری هەبێت، لە دوای سەرهەڵدانی داعش پێگەی خۆی زیاتر چەسپاند و بوو بە یەکێک لە گرنگترین هاوپەیمانە مەیدانییەکانی جەنگی دژی داعش و وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوشێوەی هەمان ڕۆڵی کورد لە باشووری کوردستان، پشتیان پێی بەست.
دۆخەکە پێویستی بەوە هەیە کورد لە پشتی کوردەوە بێت، چونکە لە دەرەوەی کورد ئەو گەل و وڵاتانەی کە هاوسۆز و هاوخەمی کوردن زۆرن و پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکە هەر چەندە زۆر بێ، کاریگەری نابێت تا ئەو کاتەی کورد خۆی یەک گوتاری هاوبەشی نەبێت.
لە ڕووداوەکانی سووریادا، ئەمەریکا و فڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و زۆربەی وڵاتانی زلهێزی ڕۆژئاوا ڕوانگەیان بەرانبەر بە کورد دیارە و جگە لەوی کە بە گەلێکی دۆست و ئازادیخواز و میانڕەوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوی دەبەن لە هەمان کاتدا بە هاوپەیمانێکی سەرەکیی خۆیان لە جەنگی دژی تیرۆر هەژماری دەکەن و پێیان وایە ئەرکێکی ئەخلاقیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لەو دۆخەدا کورد بە تەنیا جێنەهێڵێت.