شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق: هیچ لەو خاڵانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە جێبەجێ نەکراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھیچ لەو خاڵانەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە جێبەجێ نەکراون و بەغدا ٥٥ ماددەی دەستووری بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان پێشێل کردووە. دەشڵێ: لە بەغدا عەقلیەتێک ھەیە بەردەوام کێشە بۆ ھەر دوو حکوومەت دروست دەکات، ھەندێک پەرلەمانتار و حزبی سیاسیی کوردستان لە جیاتی ئەوەی پشتگیری ھەولێر بکەن، دێن لە جیاتی بەغدا وەڵامی حکوومەتی ھەرێم دەدەنەوە.

پەشیمان بوونەوەی بەغدا لە ڕێککەوتنە داراییەکان
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد: لە یاسای بودجە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، خانەنشین، کەمئەندامان و کەسوکاری شەھیدان ١١ تڕلیۆن و ٥٧٦ ملیار دینار شاستەی ھەرێمی کوردستان بۆ مووچە دیاری کرابوو، پێویست بوو حکوومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤ ئەو بودجەی ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان کردبایە، بەڵام بەداخەوە تەنیا دە تڕلیۆن و کەمێکی ناردووە، لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک ڕێککەوتن کراوە، لە مانگی ھەشت ڕێککەوتن کرا کە تا کۆتایی ساڵ دەبێت حکوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، لە بەرامبەردا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کەموکوڕییەکانی لیستی مووچە بۆ ساڵی نوێ چارەسەر بکات، بەڵام ھەر دوای ١٥ ڕۆژ بەرپرسانی بەغدا پەشیمانبوونەوە و پێگر نەبوون بە ڕێککەوتنەکان، دوای ئەوە دوو ڕێککەوتنی دیکە کران، حکوومەتی عێراق بڕیاری دا تا کۆتایی ساڵ مانگانە ٧٦١ ملیار دینار بنێرێت بۆ مووچەی مانگی دە و یازدە و دوازدە، کە چی پێگر نەبوون بەو بڕیارەی خۆیان و تا ئێستاش مووچەی ئەو سێ مانگەیان بە تەواوەتی نەناردووە.
عەقڵیەتێک هەیە ناهێڵێت عێراق بێ کێشە بێت
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: ڕۆئیایەک لە بەغدا لە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان ھەیە، بەردەوام ھەوڵدەدات کێشە بۆ حکوومەتی ھەرێم و فەرمانبەران دروست بکات، ٥٥ ماددەی دەستووری کە تایبەتە بە ماف و ئیستحقاقی ھەرێم پێشێلیان کردووە، چ ئەو ڕێککەوتننانەی کە دەکرێن و پەیوەستن بە باشبوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک و باشبوونی پڕۆژەکانی ئاوەدانی و پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان، عەقلیەتێک لە بەغدا ھەیە، ناڵێین ھەموو حوکمڕان لە بەغدا، بەڵام ئەوانەی کە کاریگەریان لەسەر دەستەڵات ھەیە، بەردەوام کێشە بۆ ھەر دوو حکوومەت دروست دەکەن، بەشێکی خودی لێدانە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و نایانەوێت زۆر باش بێت و کێشەی نەبێت، چونکە ھەر کاتێک ھەولێر و بەغدا کێشەیان نەبوو تا ڕادەیەکی زۆر عێراقێکی بێ کێشە دروست دەبێت، بەڵام ئەو ڕۆئیایە نایەوێت عێراق بێ کێشە بێت، بابەتەکەی دیکەش پەیوەندی بە کوردبوونەوە ھەیە، ڕێگری دەکەن لەو پێشکەوتنانەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە.
دژایەتییە ناوخۆییەکانی هەرێم
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: لە ١٥ـی ١٢ی مانگی ڕابردوو کۆتا کۆبوونەوەی دانوستاندنکاری حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ کرا، کۆبوونەوەکەش لە وەزارەتی دارایی عێراق کرا، وەزیری دارای عێراق خۆی بەڵێنی بە وەفدەکە دابوو کە ئەو کات مووچەی مانگی ١١ دابەش نەکرابوو، گوتی، کەمیەکەی مانگی ١١ پڕ دەکەینەوە، بەڵێنیشی دا مووچەی مانگی دوازدە بە تەواوەتی ڕەوانە بکات، بەڵام بەداخەوە ھیچ لە بەڵێنەکانی بەجێ نەگەیاند و کێشەکان وەکو خۆیان ماونەتەوە، لە مووچەی مانگی ١٠ـە ٢٣٩ ملیار دینار کەمی ناردووە، لە مووچەی مانگی ١١ـە ٣٦٩ نۆ ملیار دینار کەمی ناردووە، بەس مووچەی مانگی ١٠ و ١١ـە، ٦٠٠ ملیار دینار کەمە، بەیاننامەی وەزارەتی دارایی ھەیە، بەداخەوە ھەندێک پەرلەمانتار و حزبی سیاسی موزایەدە دەکەن، لە جیاتی ئەوەی چاوەڕێ بکەن حکوومەتی فیدراڵ خۆی وەڵام بداتەوە ئەوان کەوتوونەتە موزایەدەکردن و وەڵامدانەوە لە جیاتی بەغدا، دێن ژمارەکان ئالوگۆڕ دەکەن و داھاتی ناوخۆ زیاد و کەم دەکەن، حساب بۆ ئەوە ناکەن حکوومەتی ھەرێم خەرجیاتی زۆرە، مانگانە ١٦٠ ملیار دینار مەسروفاتی ناوخۆیە، ٦٠ ملیار دینار بەس بۆ ھاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانە، ٢٠ ملیار دینار بۆ وانەبێژانە کە بوونەتە گرێبەست، نزیکەی ٢٤٠ ملیار دینار بەس مەسروفاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوانەی لای خۆمان تەرکیزیان لەسەر ئەوە نییە ١١ تڕلیۆن و ٥٧٢ ملیار دینار شایستەی مووچەخۆرانە لە بودجەی عێراق، بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی ھەیە کە دەبێت پێوە پابەند بێت، دەستوور ھەمان شت تەئکید دەکاتەوە، کەچی دێن لە جیاتی حکوومەتی عێراق ژمارەکان ئالوگۆڕ دەکەن، باسی ھەندێک ژمارە دەکەن بەغدا خۆی جورئەت بەخۆ نادات وەکو ئەوانە ژمارەکان ئالوگۆڕ بکات.
مووچەی مانگی ١٢ـە لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقە
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، جەختی لەوەشکردەوە: مووچەی مانگی ١٢ـە لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقە و کەچی تا ئێستا نەی ناردووە، لە مووچەی مانگی ١٠ و ١١ و ١٢، نزیکەی تڕلیۆنێک و دوو سەد ملیار دیناری نەناردووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت حکوومەتی عێراق بە مەبەست مووچەی مانگی ١٢ی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی ڕاگرتووە.
ھیچ لەو خاڵانەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە جێبەجێ نەکراون
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە کۆتاییدا گوتی: لە کاتی پێکھێنانی حکوومەتی عێراق لەسەر کۆمەڵێک خاڵک ڕێککەوتین و دەنگمان لەسەر حکوومەتدا، کە خۆی لە نەھێشتنی کێشەی مووچە، یاسای نەوت و غاز، ھەتا بابەتی جینۆساید و ئەنفال، ڕێککەوتنی شنگال و ماددەی ١٤٠ دەبینیەوە و ھەموو ئەوانە لە کارنامەی حکوومەتدا ھاتبوون، ھەر ئەوەش وای کرد ئێمەی کورد بەشداری لەو حکوومەتەدا بکەین، کەچی زۆر نەماوە کاتی حکوومەت تەواو بێت و ھەڵبژاردن بکرێت، یەک خاڵ لەو کارنامەیە جێبەجێ نەکراوە، دەبوایە دوای ٦ مانگ یاسای نەوت و غاز دەرچووبایە، کەچی تائێستا ھەر باس نەکراوە، لەسەر ئەوە ڕێکناکەون ٢٥ ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە، بەس بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان نەوتی خۆی نەفرۆشێت، بەڕاستی ڕۆئیایەکە، ئەوە پەیوەندی بەوە نییە حکوومەتی ھەرێم داھاتی ناوخۆی نارد، یان نەنارد، نایانەوێت ھەرێمی کوردستان لەسەر پێی خۆی بوەستێت و نەوتی خۆی بفرۆشێت.