هەرێمی کوردستان ئێستا تەنیا هاوردەکار نییە و هەناردەکاریشە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

تۆمارکردنی کۆمپانیا یەکێک لە مەرج و بنەماکانی وەبەرهێنان و چالاکی بازرگانی و ئابورییە و لە تەواوی بوارەکانی بەرهەمهێنان، خزمەرگوزاری، تەندروستی، پەروەردە، پیشەسازی و سێکتەر وچالاکییەکانی تری بواری بازرگانی و گشتی کۆمپانیای نوێ لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.

پرسی وەبەرهێنان و چالاکییە ئابورییەکان بە پێگەی یاسایی کۆمپانیاکان گرێ دراون و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان مۆڵەتی دامەزراندن و کارکردنی بە کۆمپانیاکان داوە کە بەشێکیان وەک کۆمپانیای نوێ تۆمار کراون و بەشێکی تریان پێشتر هەبوون و لە هەرێمی کوردستان لقیان کردووەتەوە.
بەپێی ئاماری یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان تەنیا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ی زاینیدا دوو هەزار و چوارسەد و نۆزدە کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کران و کۆی ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا تۆمار کراون گەیشتووەتە سی و شەش هەزار و هەشتسەد و هەشتا و چوار کۆمپانیا و لەو ژمارەیە سی و سێ هەزار و سێسەد و شەست کۆمپانیا خۆماڵی و ئەوانەی تر کە سێ هەزار و پێنجسەد و بیست و چوار کۆمپانیان، بیانین.
ئەو ئامارە دەیسەلمێنێت کە کۆمپانیا بیانییەکان پشکێکی باشیان بەرکەوتووە و دە لەسەدای ئەو کۆمپانیایانەی لە کوردستان تۆمار کراون بیانین. لەو کۆمپانیایانەش کە بیانین و تۆمار کراون پشکی شێریان بەر تورکیا دەکەوێت و چل و چوار لەسەدای ژمارەکە پێکدێنێت.
تورکیا پێوەندییەکی پتەوی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و ڕۆژی سێشەممەش لە میانەی سەردانێکی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و بینینی سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی باڵای تری ئەو وڵاتە یەکێک لەو خاڵانەی باسی لێوە کرا پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بوو.
هەر بەگوێرەی ئاماری یەکێتییەکە ئێران بە ڕێژەی لەسەدا دە لە ڕیزبەندیی دووەمی ئەو وڵاتانەدا دێت کە زۆرترین کۆمپانیایان لە هەرێمی کوردستاندا تۆمار کردووە. ئەمەریکا بە شەش لەسەدا لە ڕیزبەندیی سێیەمدا دێت. بەریتانیا بە پێنج لەسەدا و لە ڕیزبەندیی پێنجەم و ئوردن بە چوار لەسەدا لە ڕیزبەندیی شەشەمدا دێت و ئەوەی دەمێنێتەوە بەسەر وڵاتانی ئەوروپا، عەرەبی، چین و ڕووسیا و وڵاتەکانی تردا دابەش دەبن.
هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی فیدراڵی بەرووی وڵاتانی دنیادا کرایەوە و وەبەرهێنەران و بازرگانان دەستیان بە دامەزراندنی کۆمپانیا کرد بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکاندا بتوانن پەرە بە کاری بازرگانی و چالاکییە ئابوورییەکان بدەن و ئەو دۆخەی لە کوردستان هاتە کایەوە دەرفەت بۆ کۆمپانیا جیهانییەکانیش ڕەخسا لە هەرێمی کوردستان لق بکەنەوە یان کۆمپانیای نوێ دابمەزرێنن.
هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا زیاتر هاوردەکار بووە و زۆربەی کۆمپانیا بازرگانییەکان بە سیفەتی هاوردەکاری بازرگانی تۆمار کراون بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە لەهەناردەکردنیشدا ڕۆڵی هەیە و ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەت بە هەناردەی شتومەک و بەرهەمی خۆراک لە کوردستان دامەزراون .
تۆمارکردنی کۆمپانیاکان جگە لەوەی کە بە واتای پەرپێدانی چالاکیە بازرگانییەکان دێت لە هەمان کاتدا پڕۆسەیەکی یاساییە بۆ بەرپرسیارێتی و ئەرکی کۆمپانیاکان لەو بوارەیدا کە بەهۆیەوە دامەزراون.
لە بواری وەبەرهێنانیشدا کوردستان ئێستا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و بەپێی دواین ئاماری دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کە وێنەیەکی دەست ڕۆژنامەی هەولێر کەوتووە له‌ ساڵی ٢٠٠٦ەوە تا کۆتایی ٢٠٢٤ بایی حەفتا و یەک ملیار و نۆسەد و نەوەد و دوو ملیۆن و پێنجسەد و نەوەد و نۆ هەزار دۆلار وەبەرهێنان کراوە کە بە ڕێژەی جیاواز بەسەر پارێزگاکان و سێکتەرەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش بوون.