ڕۆڤیا.. لە پرۆژەیەكی شوێنەواریدا جۆرە گۆزەیەكی تەمەن 8 هەزار ساڵان دۆزرایەوە

بەپێی دوایین ئەنجامەكانی كاركردن لە هەردوو پرۆژەی شوێنەواری لە (گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان) لە سنووری ناحیەی ڕۆڤیا لە پارێزگەی دهۆك، دوو شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و هەروەها جۆرە گۆزەیەك دۆزرایەوە كە تەمەنی ئەو بۆ حەوت تا هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

پرۆژەی هەڵكۆڵین لە شوێنەواری گرێ ئاسنگەران بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی جێبەجێ دەكرێت و بەپێی گرێبەستێك كار لە هەردوو شوێنەواری گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان لە پارێزگەی دهۆكدا دەكەن.

شوێنەوارناسانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی، دوای كاركردنیان لە پرۆژەی “كانی ئەسپەهان” جۆرە گۆزەیەك بۆ بەکارهێنان و خاوێنكردنەوەی “گەنم”یان دۆزییەوە كە تەمەنی ئەو گۆزەیە بۆ هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. هەروەها لە پرۆژەی شوێنەواری “گرێ ئاسنگەران” دوو ژووری نیشتەجێبوونی مرۆڤ دۆزرانەوە كە شێوەیان لاكێشەیین و لە كەرپووچ و لەسەر بەرزایی گردەكە دروستكراون و بەپێی توێژینەوەكان ئەو ژوورانە هی كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەكە بوونە.

بەپێی ئەو توێژینەوە شوێنەوارییانەی بۆ هەردوو پرۆژەكە كراون، ئەو دۆزینەوانە ئەوە دەسەلمێنن كە هەزاران ساڵ پێش ئێستا، ژیانی مرۆڤ لەو سنوورەدا هەبووە و بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی لە كۆمەڵگەی كشتوكاڵییەوە بۆ كۆمەڵگەی كۆمەڵایەتی و دواتر بەرەو پەرەسەندنی زیاتر و مۆدێرن و بەردەوامبوونی ژیان لە سنوورەكەدا.