تۆمەتبارانی ئەتککردنی “ڕێباز مارکاول” دەستگیر کران

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ئەتککردنی “ڕێباز مارکاول”ـی ڕاگەیاند. 

چوارشەممە، 08-01-2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند “ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، 07-01-2025، ئەو کەسانەی هێرشیان کردبووە سەر ڕێباز مارکاول و لێیان دابوو، لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کران.”

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر باسی لەوەش کردووە، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە و تۆمەتباران ڕادەستی دادگا دەکرێن.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، شەش کەس ڕێباز مارکاول، کەسایەتیی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دانیشتووی شاری هەولێریان ڕفاند، دواتر لێیان دا و برۆ و سمێڵیان تاشی.

هەر چەند تاوەکوو ئێستە هۆی ڕفاندنی ئەو کەسایەتییەی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام پێش ڕووداوەکە، ناوبراو لە گرتە ڤیدیۆیەکدا هێرشی کردبووە سەر چەند کەسێک و قسەی نەشیاوی پێ گوتبوون.