46 ساڵ بەسەر هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانیدا تێدەپەڕێ

سه‌ره‌ڕای پیلانی شوومی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كپكردنه‌وه‌ی بڵێسه‌ی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975، بەڵام چەند گەنجێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڤیەننا دەكەنە مەكۆی سەرهەڵدانەوەی شۆڕش، بۆیە بەعسییەكان بە چڕی چاویان خستە سەر سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ ڤیەننا، به‌و نیازه‌ی لە ئەورووپا گورزی گەورە بووەشێنن و كۆتایی بە بەرنامەی گرێدانەوەی خەباتی پێشمەرگە لە كوردستان و خەباتی تێكۆشەرانی ئەورووپا بێنن.

لە دوای پیلانگێڕییه‌كه‌ی ساڵی 1975، كۆمەڵێك لە كادیرانی پارتی شاری ڤیەننا لە نەمسا دەكەنە مەڵبەندی سەرهەڵدانەوەی شۆڕش و لەوێوە درێژە بە خەبات دژی رژێمی بەعس دەدەن، بە دیاریكراویش لقی 6ی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەبێتە ناوەندێك بۆ دووبارە خۆڕێكخستنەوەی كورد لە پێناو درێژەدان بەو خەونە پیرۆز و نەتەوەییەی كورد هەیەتی.

جووڵەی ناوخۆی كوردستان و پێكهێنانی سەركردایەتیی كاتیی پارتی لە دەرەوەی كوردستانیش، بە تایبەتی ئەورووپا دەستی بە چالاكی كردبوو، ڤیەننا ناوەندێك بۆ كۆبوونەوەی تێكۆشەرانی پارتی پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، ژمارەیەك لە تێكۆشەرانی پارتی كە بریتی بوون لە پێشمەرگە و كادر و كۆمەڵێك قوتابیی زانكۆ و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی، لە نەمسا نیشتەجێ بوون، بیریان لەوە كردەوە درێژە بە خەبات بدەن، بۆ ئەوەی تێكۆشانی تاراوگە و ناوخۆی كوردستان بە یەكەوە گرێ بدەنەوە، ڤیەننای پایتەختی نەمسا بووە ناوەندێكی گرنگی پارتی دیموكراتی كوردستان و بارەگای لقی شەشی ئەورووپاش هەر لە نەمسا بوو.

دەسەڵاتدارانی عێراق لە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەترسان و لە هەموو ڕوویەکەوە هێرشیان دەکردە سەر سەرکردایەتیی پارتی، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و پێش 46 ساڵ لە 8ی 1ی 1979، سیخوڕانی ڕژێم هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانییان دا، لە ئەنجامدا هەوڵەکەییان سەری نەگرت و هەریەك لە یاوەرانی سەرۆك بارزانی (ئازاد بەرواری و دکتۆر پیرۆت) بریندار بوون.

شارەزایانی سیاسی و مێژوویی دەڵێن، ئەوکات ڤیەننای پایتەختی نەمسا ناوەندێک بوو بۆ چالاکییە سیاسییەکانی پارتی و خۆڕێکخستنەوەی، بەتایبەت دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، هاوکات ناوەندێکی گرنگ بوو بۆ قوتابییان و تێکۆشەرانی پارتی. دەشڵێن، ڕژێم وای زانی ئامانجەکەیان پێکاوە و سەرۆک بارزانی تیرۆر کراوە، بەڵام نەیانزانی پیلانەکەیان سەری نەگرتووە. ئاماژە بەوەش دەدەن کە چوونی سەرۆک بارزانی بۆ ڤیەننا، پایتەختی نەمسا، بە ئامانجی درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و ڕێکخستنەوەی پارتی بوو.

دكتۆر پیرۆت یەكێكە لە هاوڕێ نزیكەكانی سەرۆك بارزانی، لە كاتی ڕووداوەكە لە نزیكەوەوە لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی بووە لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، باسی ئەو شەوە شووم و ساردەی ڤیەننا دەكات و بەم شێوەیە ڕووداوەكە دەگێڕێتەوە:

”لە كۆتاییەكانی مانگی كانوونی یەكەمی 1978، جەنابی سەرۆك بارزانی گەیشتە ڤیەننا، بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵەوە لە ڤیەننا ماینەوە، ئیدی رژێمی بەعس لە هەوڵی ئەوەدا بوو، كە چۆن بتوانن جەنابی كاك مەسعود بارزانی تیرۆر بكەن.” لەبارەی هەوڵە تیرۆریستییە شكستخواردووەكەش دەڵێ: ”كەسێك هەبوو داوای بینینی جەنابی سەرۆكی كردبوو، ئەگەرچی زۆربەی هەڤاڵان لەگەڵ ئەوەدا نەبوون جەنابی سەرۆك ئەو كەسە ببینێ، بەڵام جەنابی سەرۆك پێداگیریی لەسەر بینینی كەسەكە كرد، كاك مەسعود لەگەڵ خوالێخۆشبوو فارس باوە لە ژوورێك دانیشتن و من و ئازاد بەرواری و محەمەد رەزا و عەبدولخالق مەنتك لە چاوەڕوانیدا بووین، كاتژمێر11 ی شەوی تێپەڕاند، فارس باوە بە جەنابی سەرۆكی گوت: نەچیتە خوارەوە تا هەڤاڵان سەیرێكی ناوچەكە دەكەن، ئەوكات تۆش وەرە خوارەوە، ئەوەبوو ئێمە چووینە خوارەوە.، من و كاك ئازاد بەرواری بەیەكەوە بووین، كەسێك بە دەستەچەپ لەنێو كابینەیەكی تەلەفۆنكردن بوو، بەرەو لای ئەو چووین، كاك حەمە رەزا و عەبدولخالقیش لەبەر دەرگاكە مانەوە، كاتێك رۆیشتین، كەسێكی دیكە لەوبەری شەقامەكە بە رووی ئێمەوە هات، كاك ئازاد بەرواری لەپێش منەوە بوو، كابرا دەمانچەی دەرهێنا، خۆشبەختانە گولـله‌ی یەكەم نەتەقی، ئەوان وایانزانی كاك ئازاد، جەنابی كاك مەسعود بارزانییە، كاتێك تەقەی كرد، ئێمە گەڕاینەوە بۆ لای ئەو شوێنەی لێوەی هاتبووین، كاك ئازاد گوتی: پێكرام، منیش گوتم: گولـله‌ بەر ڕانم كەوتووە و بریندارم، لەو كاتەشدا گڵۆپەكانی شوێنەكە كوژانەوە و بەهۆیەوە ئێمەش كەوتینە خوارەوە، بۆیە زیاتر لە دە گولـله‌ بەر دیوارەكە كەوتن، ئەوەبوو جەنابی سەرۆك گوتی: وامزانیوە گیانتان لەدەست داوە، چونكە چوار كەس تەقەیان لێكردبووین.“

دكتۆر پیرۆت لەسەر گێڕانەوەی رووداوەكە بەردەوام دەبێ و دەڵێ: ”دوای ئەوەی سەرقاڵی تیماركردنی ئازاد بەرواری بووین، جەنابی كاك مەسعود بارزانی گوتی: پیرۆت تۆش برینداری، ئەوەبوو پۆلیس گەیشتە شوێنی رووداوەكە و ئێمەیان رەوانەی نەخۆشخانە كرد”. دوای هەوڵە شكستخواردووەكە، تەقەكەرەكان رادەكەن و دواتر پۆلیس دەگاتە شوێنەكە، دكتۆر پیرۆت لەوبارەوە دەڵێت: ”دوای ئەوەی پۆلیس گەیشتە شوێنەكە، ئێمەش ئەوانمان لە رووداوەكە ئاگادار كردەوە، كە ئەمە جەنابی كاك مەسعود بارزانییە، كاتێك ئەمەیان زانی، لە شوێنی خۆیان كشانەوە و رێز و تەقدیرێكی زۆری جەنابی سەرۆك بارزانییان گرت، دواتر هەڤاڵەكانی دیكەش گەیشتنە لامان”.

دڵشاد میران، كە لە نزیكەوە ئاگای لە رووداوەكە بووە، لە بارەی هەنگاوی دواتر دەڵێت: ”دوای هەوڵەكە، بۆ بەیانی، پۆلیسی نەمسا بە پاسەوان ئێمەیان گەیاندە فڕۆكەخانە و بۆ قوبرس چووین”. دڵشاد میران سەبارەت بە هۆكاری چوونیان لە نەمساوە بۆ قوبرس گوتوویەتی: ”چونكە من لەوێ شوێنم هەبوو و حكوومەتی قوبرسی یۆنانی دۆستمان بوو”. دەشڵێ: ”جەنابی سەرۆك و من و كاك عارف تەیفوور بەیەكەوە سەفەرمان كرد”.

هەوڵەكانی رژێمی بەعس بۆ تیرۆركردنی سەركردەكانی پارتی لە سەردەمی شۆڕشدا پێشینەی هەبووە، پێشتر رژێمی بەعس لە حاجی ئۆمەران لە رێگەی بۆمبڕێژكردنی شاندێك لە پیاوانی ئایینی هەوڵی تیرۆكردنی (مەلا مستەفا بارزانی) رابەری شۆڕشی ئەیلوولی دا و هەوڵەكەیان شكستی هێنا، پێشتریش لە بەغدا هەوڵی تیرۆركردنی (ئیدریس بارزانی) درابوو، كە بۆ بەدواداچوونی ئیشوكاری گفتوگۆی نێوان شۆڕشی كوردستان و حكوومەتی بەغدا چووبووە بەغدا.