ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆران لە پڕۆژەی ھەژماری من بەردەوامە و تا ئێستا ٧٢٠ ھەزار مووچەخۆر تۆمارکراون و نزیکەی ٢٢٠ ھەزار مووچەخۆریش لە سەرجەم ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە مووچەکانیان ڕادەکێشن. ئێستا حەوت بانک بەشدارن لە پڕۆژەی ھەژماری من، سێ بانکی دیکەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە گفتوگۆدان بۆ ھاتنە نێو پڕۆژەکە، بەمەش ژمارەی بانکە بەشداربووەکان لە پڕۆژەکەدا دەبن بە دە بانک.
ئەو فەرمانبەرانەی بەھۆی ھەژماری من دابەشکردنی مووچەکانیان چەند ڕۆژێک پێشخراوە و مووچەکانیان وەرگرتووە، ئەو فەرمانبەرانەشی کە ھێشتا مووچەکانیان نەچووتە سەر ھەژماری من، دەبێت چاوەڕوان بن تا ھاوشێوەی مانگەکانی دیکە مووچەکانیان بەپێی لیستی وەزارەتی دارایی وەربگرن.
پڕۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران لەڕێگەی پڕۆژەی ھەژماری من بەردەوامە، تا ئێستا ٧٢٠ ھەزار فەرمانبەر خۆیان تۆمار کردووە، فەرمانبەران سوودمەندی یەکەمن لە پڕۆژەکە و پڕۆژەیەکی پێشکەوتووی بانکییە و مووچەخۆران لە ١٩ خزمەتگوزاری بانکی و چەندین جۆری قەرز و پێشینە سوودمەند دەبن.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەنیا بەڵێن نادات، بەڵکو بەڵێنەکانیشی جێبەجێ دەکات، کاری لەسەر مووچەی مووچەخۆران کرد تا بە شێوەیەکی پارێزراو و شەفاف و خێرا، مووچەکانیان وەربگرن. شوباتی ٢٠٢٣ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی ھەژماری منـی ڕاگەیاند، بەھۆی ئەو دەستپێشخەرییەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و ھێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف لە ڕێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارە ڕاکێشان کە ٥٥٠ بنکە لە تەواوی ھەرێمی کوردستان دانراون، بڕیارە لە شوێنە گشتییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەزار و ٦٠٠ ئامێری ئەی تی ئێم بۆ ڕاکێشانی پارە جێگیر بکرێن، فەرمانبەران دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات، ئەوەش ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی.
پڕۆژەی ھەژماری من، ئاسانکاریی تەواو بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان و بەئەلیکترۆنیکردنی پارەدان بۆ نزیکەی ملیۆنێک مووچەخۆر دەکات، کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەم دەکاتەوە، کارایی حکوومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.
ھەندێک لە بەرێوەبەری بانکەکان لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای دەکەن، ھەژماری من سیستەمێکی پێشکەوتوو و فراوانە، لە داھاتوودا خزمەتی زیاتر بۆ مووچەخۆر و ھاووڵاتییان لە خۆ دەگرێت، پێشتر خەڵک لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە لە بەردەم بانکەکان نۆرەی دەگرت بۆ ئەوەی مووچەکەی وەربگرێت، بەڵام ھەژماری من مووچەخۆرانی لەو سڕ و نۆرەیە ڕزگار کرد و ھەر کاتێک بیانەوێت مووچەی خۆیان بەبێ کێشە وەردەگرن. بەشێک لە فەرمانبەران، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەوە چەندین مانگە زۆر بەڕێکوپێکی و لە ماوەی کەمتر لە خولەکێک پێش چوار ڕۆش لە کاتی خۆی مووچەکانمان لە ئامێرەکانی ئەی تی ئێم وەرگرت، ئەمە لە کاتێکدایە بۆ مووچەی مانگی ١١ـە کە ئەمڕۆ بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی کۆتا ڕۆژی دابەشکردنی مووچەیە ٢١٩ ھەزار مووچەخۆر لەڕێگەی ٥٥٠ ئامێری ڕاکێشانی پارە، مووچەکانیان لەڕێگەی ھەژماری من وەردەگرن.
ڕاکێشانی پارە لە ئامێرەکان بە خۆراییە، ھەر ئامێرێک ١٠٠ بۆ ٣٠٠ ملیۆن دینار شوێنی دەبێتەوە، کاتێک پارە لەناو ھەر ئامێرێک نامێنێت مانای نەبوونی پارە نییە، بەڵکو ھۆکاری سەرەکی بۆ کەمی ژمارەی تیمی بانکە ڕاسپێردراوەکان بۆ پڕکردنەوەی ئامێرەکان دەگەڕێتەوە، لە ئێستادا ھەر بانکێک دوو تیمی بۆ ئەم مەبەستە دیاری کردووە، کە ئێستا حەوت بانک بەشدارن لە پڕۆژەی ھەژماری من، سێ بانکی دیکەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە گفتوگۆدان بۆ ھاتنە نێو پڕۆژەکە، بەمەش ژمارەی بانکە بەشداربووەکان لە پڕۆژەی ھەژماری من دەبن بە دە بانک، کە تا ئێستا ٧٢٠ ھەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەی ھەژماری من تۆمار کراون، ٣٥٠ ھەزار کارت دابەشکراون، بە تەواوبوونی پڕۆژەی ھەژماری من ھەرێمی کوردستان لەڕووی کەرتی بانکییەوە دەچێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر و لە داھاتوودا خزمەتگوزارییەکانی دیکە بۆ مووچەخۆران بەردەست دەبن.
پسپۆرانی بواری بانک، دەڵێن، پڕۆژەی ھەژماری من تەنیا بۆ وەرگرتنی مووچە نییە، لە داھاتوودا دانەوەی قەرز و وەرگرتنی پێشینەکان و گواستنەوەی پارە بەشێکی دیکە دەبێت لە پڕۆژەی ھەژماری من. ساڵح چەتۆ، شارەزای بواری بانک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: فەرمانبەران ئاسانکاری جۆراوجۆر بەدەستدێنن لەڕێگەی ھەژماری من، بەتایبەتی بایەتی گواستنەوە، پەنا نابەنە بەر ھیچ جۆرە نووسینگەیەک، یان ھیچ جۆرە بانکێک لەڕێگەی پڕۆژەی ھەژماری من فەرمانبەر دەتوانێت ھەموو مامەڵەکانی خۆی بکات، چ لە ناوخۆ یان لە دەرەوە دەبێت، لە ھەمان کاتدا چەندین ئاسانکاری دیکە، لەوانە بابەتی بیمە، قەرز سوودمەند دەبێت، بۆیە بەبڕوای من ئەو پڕۆژەیە فراوانتر و گشتگیرترە لەوەی کە ئێمە تەنیا لە بابەتی مووچەدا کورت بکەینەوە.
ئەو شارەزایەی بواری بانک، گوتیشی: پڕۆژەکە ھەوڵدانە بۆ بەمۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و دروستکردنی متمانە لەنێوان بانک و ھاووڵاتییان و بانک و فەرمانبەراندا، ئەوەش گەشەپێدانی ئابووریی ھەرێمی کوردستانی لێ دەکەێتەوە، ھەروەھا کارایی و شەفافیەتی حکوومەتیش زیاتر دەبێت و ھەلی کاری زیاتریش دەستەبەر دەکرێت و مامەڵەش بە پارەی کاش کەمدەبێتەوە، ئەو ھەوڵانەی دەدرێن بۆ دژایەتیکردنی ئەو پڕۆژەیە، شکست دەھێنن، لەبەر ئەوەی دیارە ئامانجی دژایەتیکردنی پڕۆژەکە بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستانە، چونکە ھەژماری من لە ڕووی یاسایی و تەکنیکییەوە ھیچ گرفتێکی نییە.
ڕەشاد فەھد، ئەویش کە شارەزای بواری ئابوورییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: ھەژماری من واتە ڕێگری لە شاردنەوەی ئەو پارانەیە کە بە قاچاخی و ھەموو ڕێگەیەکی دیکەی نایاسایی ھەندێک کەس پەیدای دەکەن، ئەو وڵاتانەی کە بانگەشەی شەفافییەت دەکەن یەکەم بابەت کە شانازی پێوە دەکەن بوونی سیستەمێکی بانکی شەفاف و کەم خەوشە، بۆیە دەبێت حکوومەت پاشەکشێ لەم پڕۆژەیەدا نەکات و سوور بێت لەسەر شەفافییەتی دارایی و ڕێگریکردن لە گەندەڵی دارایی.
ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دیدارێکی میدیاییدا، ئاشکرای کرد: پڕۆژەی ھەژماری من، لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستاندایە و زۆریش لە تەوتین فراوانتر و دەوڵەمەندترە و فەرمانبەرانیش زیاتر سوودی لێ وەردەگرن، ھەژماری من پڕۆژەیەکە بۆ تەوتینی مووچە، ئەو سیستەمەی ئێمە لەگەڵ ھی عێراق جیاوازیەکەی ئەوەیە ھی ئێمە تەوتینە لەگەڵ ١٩ خزمەتگوزاری دیکە، بەڵام ھی عێراق ئەو ١٩ خزمەتگوزارییەی بۆ مووچەخۆرانی تێدا نییە.