خەیری عەلی ئۆسۆ، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، هاتنی گەشتیاران لە ساڵی 2024 بەراورد بە ساڵی 2023 کەمی کردووە، بەڵام چەندین پڕۆژەی نوێی گەشتیاری لە سنووری پارێزگاکە کراونەتەوە.
خەیری عەلی ئۆسۆ، سێشەممە ، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ڕێژەی کرێکارانی ناوخۆیی لە شوێنە گەشتیارییەکان بۆ %100 زیادی کردووە و بایەخێکی زیاتر بە زمانی دایک دراوە.
گوتیشی: ئاسانکارییەکان و کەم کردنەوەی ڕسومات بەڕێژەی %20 هاندەرێکی باشبووە بۆ پەرەپێدان و بەرەوپێش بردنی کەرتی گەشتوگوزار، ئەمەش وایکردووە تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا 76 شوێنی نوێی گەشتیاری لە پارێزگای دهۆک بکرێتەوە، کە 12 هۆتێل و مۆتێل کراوەتەوە، بەمەش ئێستا لە سەرتاسەری پارێزگاکە 900 شوێنی گەشتیاری هەیە.