سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی تورکیا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

سه‌رۆكى حكوومەتی هه‌رێمى كوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌ دووقۆڵییەکان و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. 

ئه‌مڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حكوومەتی هه‌رێمى كوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ تورکیا، لە ئەنقەرە له‌گه‌ڵ ‌هاكان فيدان، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا كۆ بووه‌وه‌.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ لەبارەی بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و تورکیا و دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە کرا.

وا بڕیارە دوای ئەم کۆبوونەوەیە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ ببێتەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتریش لە 20ی حوزەیرانی 2024، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتبووە ئەنقەرە و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆ بووەوە.