خەسرەو ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران: پار لە سنووری شارەوانییەکانی ئیدارەی سۆران ٨٦ پڕۆژە جێبەجێ کراون

لە ساڵی ڕابردوو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سۆران کە ٢٢ شارەوانی لە خۆ دەگرێت ٨٦ پڕۆژە بە گوژمەی پەنجاو دوو ملیار و شەش سەد و سێزدە ملیۆن و شەش سەد و نەوەد و پێنج ھەزار دینار جێبەجێ کراون و ڕەزامەندیان بۆ وەرگیراوە.

خەسرەو ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئەو پڕۆژانەی لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران ڕەزامەندیان لەسەر دراوە ٤٠ پڕۆژەن بە گوژمەی حەڤدە ملیار و سەد و چل و شەش ملیۆن و دە ھەزار و حەوت سەد دینار، ھەروەھا ٣٩ پڕۆژە لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ کراون یان لە قۆناغی جێبەجێ کردندان گوژمەی ئەو پڕۆژانەش حەوت ملیار و سەد و سی و شەش ملیۆن و دوو سەد و پەنجا ھەزار دینارە، ھەروەھا ئەو پڕۆژانەی کە جێبەجێ کراون لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران ژمارەیان ٦ پڕۆژەیە بەگوژمەی شەش سەد و نەوەد و ھەشت ملیۆن و ھەشت سەد و بیست و نۆ ھەزار دینار.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، گوتیشی: ئەو پڕۆژانەی لە قۆناغی کۆتاییدان لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران ژمارەیان ٥ پڕۆژەیە بە گوژمەی پێنج سەد ملیۆن و سەد و نەوەد ھەزار و پێنج سەد دینار جێبەجێ دەکرێن، ھەروەھا ئەو پڕۆژانەی کە لە قۆناغی جێبەجێ کردندان لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران ١١ پڕۆژەن بە گوژمەی نۆ ملیار و ھەشت سەد و چل و ھەشت ملیۆن و سەد و پازدە ھەزار و حەوت سەد دینار، لەگەڵ ئەو پڕۆژانەی لە قۆناغی تەندەردان ژمارەیان ١٨ پڕۆژەیە بە گوژمەی شەش ملیار و نەوەد و ھەشت ملیۆن و ھەشت سەد و حەفتاو پێنج ھەزار و پێنج سەد دینار، لەگەڵ ئەوەی ئەو پڕۆژانەی ڕەزامەندی داراییان لە ساڵی ٢٠٢٣ وەرگرتووە و لە ساڵی ٢٠٢٤ کۆتاییان ھاتووە یەک پڕۆژەیە بە گوژمەی نەوەد ملیۆن و دوو سەد و سی و پێنج ھەزار و حەفت سەد و پەنجا دینار.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، زیاتر دەڵێ: سێ پڕۆژە لە بواری جێبەجێ کردندان گوژمەی ئەو پڕۆژانەش یەک ملیار و دوو سەد و یەک ملیۆن و چوار سەد و شەشت و پێنج ھەزار دینارە، کە ئێستا کاریان لەسەر دەکرێت، ئەو پڕۆژانەی لەسەر بودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ کراون سێ پڕۆژەن بە گوژمەی بیست و شەش ملیار و ھەشت سەد و پەنجاو سێ ملیۆن و شەش سەد و نەوەد و سێ ھەزار دینار، لەگەڵ ئەوەی ئەو پڕۆژانەی لەسەر %١٥ داھاتی ناوخۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ کراون چوار پڕۆژەی گەورەن، ئەو پڕۆژانەش بەگوژمەی حەفتا و نۆ ملیۆن و حەوت سەد و ھەشتا ھەزار دینار جێبەجێ کراون.
لە کۆتاییدا خەسرەو ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، گوتی: کۆی گشتی ئەو گوژمەی ڕەزامەندی لەسەر دراوە لەسەر پێشینەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران بریتییە لە سەد و ھەشتاو شەش ملیۆن و چل و یەک ھەزار و پێنج سەد دینار، بەمەبەستی جێبەجێ کردنی دەرخستەی پڕۆژەی بچووک و پێویست لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، ھەروەھا کۆی گشتی گوژمەی تەرخانکراو بۆ ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ کراون و لە قۆناغی جێبەجێ کردندان بریتییە لە پەنجاو دوو ملیار و شەش سەد و سێزدە ملیۆن و شەش سەد و نەوەد و پێنج ھەزار و نۆسەد و پەنجا دینار.