ڕائیب جادر – هەولێر
زیاتر لە ٢٠ مانگە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەسەر سکاڵایەکی بەغدا لەژووری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس ڕاگیراوە، بەڵام پێدەچێت بەغدا لێکدانەوەی بۆ زیانە داراییەکانی ئەم ھەنگاوانە کردبێت، چونکە بەگوێرەی ئامارەکان ڕاگیرانی نەوتی ھەرێم، زیانی نزیکەی ٢٥ ملیار دۆلاری لە بودجەی عێراق داوە. ئەندامێکی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ناکۆکی سەرەکی نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر تێچووی دەرھێنان و گواستنەوەی نەوتی بەرھەم ھاتووی ھەرێم و ھەناردەکردنی بوو، بەڵام ئەو کێشەیە چارەسەر کراوە.
بەبڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢٣ـەوە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا ڕاگیراوە، بەو ھۆیەوە ڕۆژانە بازاڕی وزەی جیھان نزیکەی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەدەستدەدات.
سەرباری بیروڕای جیاواز لە بارەی پرسی نەوت، بەڵام زۆرینەی شارەزایانی بواری نەوت، لەسەر ئەوە کۆکن پێویستە ئەم سەرچاوە سرووشتییە لە سیاسەت دوور بخرێتەوە و میزاجی سیاسی حوکمی پێوە نەکات، چونکە تێکەڵکردنی سیاسەت بەم پرسە بۆتە ھۆکاری لە دەستدانی ٢٥ ملیار دۆلار لە بوددجەی عێراق، ڕاگیرانی نەوتی ھەرێم زیانەکەی بۆ ئابووری تەواوی عێراق بووە.
ماددەی ١٢ـی یاسای بودجە ھەموار دەکرێتەوە
بەگوێرەی یاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق، تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی ھەر بەرمیلێک نەوت، نزیکەی ٧ دۆلار دەکەوێت، بەڵام کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و ھەولێر دەڵێن، بەھۆی سرووشتی شاخاویی ھەرێمی کوردستان، تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوە لە کێڵگەکانیدا زیاترە، بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستە، حکوومەتی عێراق پێشنیازی کردووە ماددەی ١٢ـی یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە.
ھەمواری ماددەی ١٢ تایبەتە بە بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە بڕی ١٦ دۆلار وەکو تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت دیاری دەکات تاوەکو ئەو کاتەی لایەنێکی نێودەوڵەتی ڕاوێژکاریی نرخێکی خەمڵێندراو دیاری دەکات، پێویستە لەو ماوەیەدا ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بکات، وەزارەتی نەوتی عێراق ھەموو میکانیزمەکانی وەرگرتنی ئەو نەوتەی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەبەر، دوای دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمووە، دەبێت بەغدا مانگانە ٢٥٠ ملیار دینار بداتە ھەرێمی کوردستان وەکو خەرجیی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوتەکە، تاوەکو ئەو کاتەی دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی بڕی خەرجییەکە دیاری دەکات، بەڵام تا ئێستا کۆمپانیاکان کە کاری دەرھێنانی نەوت دەکەن لە ھەرێمی کوردستان بەڵێنیان پێ نەدراوە کە خەرجی دەرھێنانی نەوت لە ٦ دۆلارەوە بکرێت بە ١٦ دۆلار، تاوەکو خەرجییەکەیان بۆ زیاد نەکرێت ئامادە نین کاری دەرھێنانی نەوت لە ھەرێم بکەن.
زیانی ڕاگرتنی نەوتی ھەرێم ٢٥ ملیار دۆلارە
کارنامەی کابینەکەی سوودانی کە لە ٢٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێکھێنانی حکوومەت، جەخت لەسەر دانوستاندنی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکاتەوە بۆ چارەکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، ئەمەش بووە بنەمای سەرەکی بۆ ڕێککەوتنی ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣ لە نێوان ھەولێر و بەغدا، کە لەو ڕۆژەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی ھەردوولا لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ئیمزا کرا.
شارەزایانی بواری ئابووری، دەڵێن، ئەو زیانەی بەھۆی ڕاگیرانی نەوتی ھەرێمەوە لە عێراق دەکەوێت، بەرپرسیارەتەکەی حزبە حوکمڕانەکانی بەغدا ھەڵی دەگرن، چونکە نەوت کە کۆڵەکەی ئابووری عێراقە، تێکەڵی ململانێی سیاسی دەکەن و ھاووڵاتییانیش لەم نێوەندەدا زیانیان بەردەکەوێت. محەممەد شاکر، شارەزای بواری نەوت، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەخرێتە چوارچێوەی ململانێی سیاسییەکانەوە، زیانمەندی یەکەمیش عێراقە، چونکە بەشێک لە نەوتی عێراق لەڕێگەی بەندەری جەیھانەوە ھەناردە دەکرێت و زیانی ڕاگرتنەکەشی نزیکەی ٢٥ ملیار دۆلارە، عێراق کورتھێنانی ھەیە لە بودجە بە قەبارەی ٦٠ تڕلیۆن دینار، دەکرێت نەوتی ھەرێم قەرەبووی بەشێک لەم کورتھێنانە بکاتەوە، لە ھەمان کاتدا ئەم ناکۆکییە لەسەر بابەتی نەوت و غازی ھەرێم ھەیە، بۆیە پێویستە لەڕێگەی یاسای نەوت و گازەوە یەکلا بکرێتەوە.
ئەو شارەزایەی بواری نەوت، جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە کەرتی نەوت لە دەرەوەی ململانێی سیاسییەکان بێت، چونکە کاتێک ھەناردەی نەوت ڕادەگیرێت زیان لە بودجە دەکەوێت، دۆسیەی نەوت دۆسیەیەکی فیدڕاڵییە و عێراقیش کۆمەڵگەیەکی بەکاربەری ھەیە و چاوی لە نەوتە.
ھەولێر و بەغدا ڕێککەوتن
نەھرۆ مەحموود، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد، ناکۆکی سەرەکی نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر تێچووی دەرھێنان و گواستنەوەی نەوتی بەرھەم ھاتووی ھەرێم و ھەناردەکردنی بوو، بەڵام ئەو کێشەیە چارەسەر کراوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: بەپێی ڕێکەوتنی نێوان ھەردوولا پێویستە ھەمواری یاسای بودجە بکرێتەوە و لەھەمان کاتیشدا بڕی ١٦ دۆلار وەک تێچووی کاتی دیاریکراوە بۆ دەرھێنان و گواستنەوەی نەوتی بەرھەمھاتووی ھەرێم تا ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتی پەیوەندیدار ڕادەسپێردرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو مانگدا کارەکانی خۆی تەواو بکات.
نەھرۆ مەحموود، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، زیاتر گوتی: لەگەڵ دەنگدان بەھەموارکردنەوەی بودجە دەست بەھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دەکرێت لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ئەویش بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، دواتر کۆمپانیای ڕاوێژکاری تێچووی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردن لەداھاتوودا دیاری دەکات.