هەنگاوێکی کاریگەر بوو بۆ نەهێشتنی کێشەی نیشتەجێ بوون

دوێنێ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە سەر فەرمان و ڕەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنی گرفتی زەوییە سندووقیەکان لە بەرژەوەندی هەژاران و کەمدەرامەتان، لە چوارچێوەی پڕۆسەی ڕادەستکردنی ڕێگەپێدانی دروستکردنی خانوو لە سەر زەوی سندووقی، لەڕێورەسمێکدا لە دیوانی پارێزگا، ( 500 ) ڕێگەپێدانی دیکەی دروستکردنی خانووی لە سەر زەوی سندووقی ڕادەستی خاوەنەکانیان کرد.

پارێزگاری هەولێر لە ڕێورەسمەکەدا، وێڕای دەستخۆشی لە سەرجەم قائیمقامیەتی و شارەوانی و فەرمانگەکانی دیکەی خزمەتگوزاریی سنووری پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی خانووبەرەی میری پارێزگا بۆ ڕاییکردنی دۆسیەکانی خاوەن زەوییە سندووقیەکان و ئەنجامدانی کارەکان، ئاماژەی بەوەدا کە بابەتی زەوی سندووقی بەشێکی دیکەیە لە خزمەتگوزارییەکان، کە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستی پێکراوە و ڕایگەیاند: ” بۆیە بە بەناوی خۆمان و بەناوی ئێوەوە سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ چارەسەرکردنی گرفتی زەوییە سندووقیەکان لە بەرژەوەندی هەژاران و کەمدەرامەتان، ئومێدی دەکەین ئێوەش لە زووترین کاتدا بتوانن دەست بە دروستکردنی خانووەکانتان بکەن و ببن بە خاوەنی خانووی خۆتان”.
جێگەی باسە، وه‌ك كارئاسانی بۆ هاووڵاتیانی هەژار و کەم دەرامەت و لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، لە سنووری پارێزگای هەولێر بڕیاری تەملیککردن و مۆڵەتپێدان بۆ دروستکردنی خانوو لە سەر زەوی سندووقی دراوە و تاوەکو ئێستاش ( 9 هەزار ) هاووڵاتیی لەو بڕیارە سوودمەندبوونە و ڕێگەپێدانیان پێدراوە بۆ دروستکردنی خانوو لە سەر ئەرزی سندووقی و لە نێو حەرمی گوند، هێشتاش پڕۆسەکە بەردەوامە و بەشیکی زۆر مامەڵەی دیکەش ماوە لەلای لیژنەی پارێزگا.