کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پێ دەنێتە ساڵێکی نوێ و هێشتا گفتوگۆی لیژنە تایبەتەکانی نێوان هەردوولا نەگەیشتووەتە کۆتایی و عێراق بە پێی پابەندییە دەستوورییەکان مامەڵەی نەکردووە.
لە نوێترین هەڵوێستدا، وەزاەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە :سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق، بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکەی عێراق و بەدەرکردنی لە هەر کێشە و گرفتێکی تر، هاوکات بوونی تەرخانکراوی پێویست لە خشتەکانی یاسای بودجە، بەراورد بەو تەمویلەی وەزارەتی داراییی عێراق ناردوویەتی و ڕێکكەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، بۆ خەرجکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران تا کۆتایی ساڵی (٢٠٢٤)، بەڵام حکومەتی فیدراڵ پێشێلی مافە دەستوریەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادە نییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بنێرێت.
تا ئێستا چارەنووسی مووچەی مانگی 12ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نادیارە و حکوومەتی فیدراڵی هەڵوێستی کۆنكرێتی و یەکلاکەرەوەی نییە لە بارەی شایستە داراییەکانی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە زۆر کاتدا وەک کارتی فشار بەکار دێنێت.
وەزارەتی دارایی، ئەوەشی ڕاگەیاندووە: کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان لە هەردوو بڕگەی (تعویظات الموظفين) و (الرواتب التقاعدیة و الرعایة الاجتماعیة) بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بریتیی بووە لە (١١،٥٧٦،٥٢١،٣٣٥،٠٠٠) یانزە ترلیۆن و پێنجسەت و حەفتا و شەش ملیار و پێنجسەت و بیست و یەک ملیۆن و سێسەت و سی و پێنج هەزار دینار، هەرچەندە پێویستیی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی ساڵی ڕابردوو نزیکەی (١٢،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) نزیکەی دوانزە ترلیۆن دینار بووە و هەوڵمانداوە لە ڕێگای (المناقلة) وە ئەو کورتهێنانە پڕ بکەینەوە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدراڵەوە بۆ تێکڕای ساڵەکە تەنها (١٠،٧٥٢،٥٨٢،٥٥٨،٤٨٠) دە ترلیۆن و حەوتسەت و پەنجا و دوو ملیار و پێنج سەت و هەشتاو دوو ملیۆن و پێنج سەت و پەنجا و هەشت هەزار و چوار سەت و هەشتا دینار خەرج کراوە، بڕی (٨٢٣،٩٣٨،٧٧٦،٧٢٠) هەشت سەت و بیست و سێ ملیار و نۆ سەت و سی و هەشت ملیۆن و حەوت سەت و حەفتا و شەش هەزار و حەوت سەت و بیست دینار، لە تەرخانکراوی هەرێم بۆ مووچە ماوەتەوە و خەرج نەکراوە، حکومەتی فیدراڵی دەیەوێت فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکاتە قوربانیی کێشەکانی خۆی و بە بیانووی نەمانی تەرخانکراو و کەمی سیولەی نەقدی ئەمساڵیش مووچەیەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدات.
دەشڵێت : سەبارەت بە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٤، هەندێک کەس و لایەن بە ناشارەزایی قسەی لەسەر دەکەن و کردوویانە بە کەرەستەی مزایەدە، لە مانگی ئایارەوە کە هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر شێوازی ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی، لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێکەوتن بۆ ماوەی پێنج مانگ دوابەدوای یەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی نێردراوە کە بڕەکەی (٣٩٩،١٦٨،٩٦١،٠٠٠) سێسەت و نەوەت و نۆ ملیار و سەت و شەست و هەشت ملیۆن و نۆ سەت و شەست و یەک هەزار دینار بووە، تا ئەو کاتەی کورتهێنانی گەورە بۆ دابەشکردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی عێراقەوە دروست کرا و بە ناچاری بە داهاتی ناوخۆ پڕ کرایەوە.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ تا مانگی تشرینی یەکەم، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناچاری نزیکەی (٩٦٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) نۆ سەد و شەست ملیار دینار داهاتی ناوخۆی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی ئەو مانگانە تەرخان کردووە کە وەزارەتی داراییی عێراق هەرجارەی بە بیانوویەک بڕیویەتی. ئەوەی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە، بەشی زۆری بۆ خەرجیی بەکاربردن بەکارهاتووە، کە مانگانە زیاترە لە (١٦٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) سەت و شەست ملیار دینار، کە بۆ ساڵەکە دەکاتە نزیکەی دوو ترلیۆن دینار (بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان وەک خزمەتگوزاری تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، کارەبا، پاکردنەوە و ئاو و هەموو ئەو سێکتەرانەی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن). ئەوە جگە لە خەرجیی ئەو پرۆژانەی حکومەتی هەرێم لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامی دەدات، کە سەرجەمیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵی یەک دیناری بۆ پرۆژەکان نەناردووە.