لە عەلوەی هاوچەرخی ئاکرێ دەست بە فرۆشتنی بەرهەمی جووتیاران دەکرێت

دووشەممە، 06-01-2025، نەزار غازی، سەرپەرشتی پرۆژەی عەلوەی هاوچەرخی ئاکرێ، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەدا 60ـی کارەکانی عەلوەکە تەواو بوونە.

پرۆژەی عەلوەی هاوچەرخی ئاکرێ لە 234 دوکان، 20 کۆگا، 35 بنکەی فرۆشتن، 11 ساردکەرەوە، 2 قەپان، گۆڕەپانێکی فرۆشتنی سەوزە، ناوچەیەکی سەوزایی و نەمامگەیەک، گەراجێکی تایبەت بە وەستاندنی ئۆتۆمبیل، پێک دێت.

سەرپەرشتی پرۆژەکە ئاماژەی بەوەش دا “64 دوکان ئامادەن و کارەکانیان تەواو بوونە. ئێستە فرۆشیار و بازرگانانی ناوچەکە سەرقاڵی گواستنەوەی کەلوپەل و بەرهەمەکانیانن بۆ ئەوەی لێرە بیانفرۆشن.”

نەزار غازی باسی لەوەش کرد “عەلوەی هاوچەرخی ئاکرێ پرۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنانە و ئامانج لێی پاڵپشتی و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانە.” گوتیشی: “هەموو خەڵکی ناوچەکە، لە قەندیلەوە تاوەکوو بەردەڕەش و بارزان لەم پرۆژەیە سوودمەند دەبن.”

ڕۆژی سێشەممە، 11-06-2024، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پرۆژەکەی دانا. عەلوەکە بە تێچووی 22 ملیۆن دۆلار، لەسەر ڕووبەری 98 دۆنم زەوی دروست دەکرێت و دووەم گەورەترین سەنتەری بازرگانی و عەلوەی هاوچەرخە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە لە ژێرخانی کشتوکاڵی دەڕوانێت و پرۆژەکانیش لە سێکتەری کشتوکاڵ و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران بەردەوام دەبێت.