عەلی حەمە ساڵح: لەڕێگەی گەرمیانەوە دەیان تۆن سەوزە هاوردەکراوە کە هاووڵاتییان تووشی شێرپەنجە دەکات

پەرلەمانتارێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دەیان تۆن پەتاتە، کوولەکە و خەیار هێنراوەتە هەرێمی کوردستان، کە مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەکەن

دووشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2025، عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی “ئەمڕۆ دەیان تۆن پەتاتە، کوولەکە و خەیار هێنراوەتە هەرێمی کوردستان، هەر لە عەلوەی کەلار پشکنینیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە ڕادەی نیتراتی زۆر لە ئاستی ستاندارد بەرزتر بووە؛ واتە ئەم بەرهەمانە مرۆڤ توشی شێرپەنجە دەکەن!”

گوتیشی: “باری ئەو بەرهەمانە لە ئێرانەوە دێ، کۆمپانیایەکی سەر بە یەکێتی لێرە لەسەری دەنوسن ( المنتج المحلی) واتە بەروبوومی ئێرانی دەکەنە بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم، بۆ  نووسراوێک کە لەلایەن کۆمپانیاکەی یەکێتییەوە دەکرێت، 25 هەزار دینار وەردەگیرێ.”

ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو باسی لەوەش کرد  “وردو درشتی ئەمەی من باسی دەکەم، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ، ئەوەی دەڕواتە ڤیستیڤاڵەکانی بازاڕ و باسی بەروبوومی ناوخۆیی دەکات، لە هەر هەمووی ئاگادارە، ئەگەر واش نییە، با سکاڵا تۆمار بکات.”

ئاماژەی بەوەش دا “یەکێتی لە ڕاستاییەکی نزیک کەلار، واتە چەند کیلۆمەترێک ئەودیوی گوندی ساڵح ئاغا، شوێنێکی دابینی کردووە و چواردەوری بە دیواری کۆنکریت گرتووە، کاتێک لێ نزیک دەبیتەوە وا دەزانی دەزگایەکی ئەمنییە، بەڵام کاتێک سەیری ناوەوە دەکەیت پڕە لە باری بە هەماهەنگی هاوردە کراو و بە هەماهەنگی ڕەوانە کراو.”

دەشڵێت :”خۆ هەموو کەلار دەتوانێت لە پردەکەی گردەگۆزینە بپەڕێتەوە و ئەم شوێنە ببینێت. لام وایە ئەم جۆرە ئیدارەدانە، منی هاووڵاتی لەڕووی دەروونیەوە وێران دەکات و هەست بە هیچ جۆرە ئاسایشێکی خۆراک ناکەم.”

لەکۆتایی قسەکانیدا دەڵێت: “ئەمە هیچی لەو کارگانەی ڕژێمەکەی ئەسەد کەمتر نییە کە حەبی کاپتاگۆنیان تێدا بەرهەم دەهێنرا. ئەم خۆراکانە چ جیاوازییەکیان لەگەڵ ماددەی هۆشبەر هەیە؟.”