هۆشدارییەکانی سەرۆک بارزانی لە بارەی مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەرەوە کاریگەریی گەورەی هەبووە

 

یەکێک لە مەترسییە جیددیەکانی ئەم ساڵانەی دوایی لەسەر هەرێمی کوردستان، مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان بوو. مەترسییەکە بە ڕادەیەک گەورە بوو کە ئامارەکانی دەستبەسەرداگرتن و بەکارهێنەرانی ئەو ماددانە بەراورد بە قەبارەی هەرێمی کوردستان نایەکسان بوون و ئامارەکان گەیشتوونەتە ڕادەیەکی ترسناک.

سەرۆک بارزانی، لە چەندین بۆنەی جیاوازدا قەبارەی مەترسییەکەی ڕاگەیاند و هۆشداریی دا لەو بارەیەوە، لە ڕەنگدانەوەی وتەکانی سەرۆک بارزانیدا، هەڵمەتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان فراوان بوون و هۆشیارییەکی گشتیش لە نێو خەڵکی کوردستان دروست بوو کە زیاتر ئاگادار بن و هاوکاری دامودەزگا پەیوەندیدرەکان بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە.
لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ دا لە شاری هەولێر، یەکێک لە مەترسیدارترین باندەکانی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر کران، وەک ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردەوە، باندەکە پێشتر لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی نەبووە و باندەکە لە ٢ ئۆپەراسیۆنی جیاوازی هێزەکانی ئاسایشی هەولێر دەستگیر دەکرێن. باندەکە ئەگەرچی لە شاری هەولێر کاریان دەکرد، بەڵام خەڵکی شاری هەولێر نین و لە دەرەوە هاتوون، یەکێکیان خەڵکی دیالە و یەکێکیان خەڵکی مووسڵە و پێکەوە باندەکەیان دروست کردووە. وەک ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، بازرگانەکان پێشینەی تاوانیان هەیە و ماددەی هۆشبەریان لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێوە بۆ هاتووە و هەوڵیانداوە لە شاری بەغداوە بیگوازنەوە بۆ شاری هەولێر، بەڵام چاوکراوەیی هێزەکانی ئاسایش پیلانەکەیان پوچەڵ دەکاتەوە. تاوانبارەکان لەکاتی فرۆشتن و بازرگانی پێوەکردنی ماددە هۆشبەرەکان لە جۆری ماریوانە دەستگیر دەکرێن، هەر لەو باندەدا ژن و مێردێکی خەڵکی بەغدا هەبوون کە نیشتەجێی هەولێر بوونە و بە شێوەیەکی ساختە زەواجیان کردووە و لە هەوڵی ئەوەدابوونە بازرگانی بە ماددەی کریستاڵەوە بکەن.
ئاسایشی هەولێر، جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر کەسێک بیەوێت بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بکات و یان لێی نزیک بێتەوە، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و هیچ چاوپۆشیەک لە کەس ناکرێت بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
لە لایەکی دیکەوە، بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەری فەرمی پارتی، له‌ شاری دهۆك چه‌ندین چالاكی بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتییان له‌ زیانه‌كانی مادده‌كانی هۆشبه‌ر له‌ پارێزگای دهۆك به‌ڕێوه‌چوون و کەیسەکانی ماددەی هۆشبەر لەو پارێزگایە ١٠٠٠ کەیسە و لەو هەزارەش ٢٥٠ کەسیان بازرگانیان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە کردووە.
هەرێمی کوردستان جگە لەوەی کە دراوسێی وڵاتێکە کە بە سەرچاوەی بازرگانیکردنی مادەی هۆشبەر دادەنرێت، لە هەمان کاتدا بەشێکە لە عێراق کە لەم ساڵانەدا لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکاندا ناوی دەهێنرێت و نازناوی یەکێک لە وڵاتە مەترسیدارەکانی بواری مادەی هۆشبەر بە عێراق دراوە کە لێیەوە بازرگانیکردنی مادەی هۆشبەر لە نێوان سێ کیشوەری ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسیا خەریکە پەرەی پێ دەدرێت.
هەبوونی ژمارەیەکی زۆری گرووپی میلیشیایی و چەکداری و لەیاسا دەرچوو لە عێراق یارمەتیدەرن لە پەرەسەندنی ئەو تاوانە، گرووپەکان جگە لەوەی کە دەستیان بەسەر هەندێک سنوورداگرتووە و بازرگانی پێوە دەکەن لە هەمان کاتدا بەرهەمیشی دەهێنن و لە چەند شوێنێکی عێراق و کوردستان کارگەی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر ئاشکرا بووە.
حکوومەتی هەرێم بە ستراتیژێکی گەورەوە ڕووبەڕووی ئەم مەترسییە جیددیە بووەتەوە و بەپێی وتەکانی سەرۆک بارزانی ئەم مەترسییە لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەوڵی ئەوە دەدرێت بە تەواوی بنبڕ بکرێت و هەموو سەرچاوەکانی ماددەی هۆشبەر لە کوردستان بپوکێنێتەوە.
لە ساڵی پاریشدا، لە هەولێر بەردی بناغەی سەنتەرێکی شارستانیی تایبەت بە هۆشیاری و شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەر لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داندرا کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراویی LDS ئەمەریکییەوەوە بنیات دەنرێت. لە داهاتوودا لەو سەنتەرە هەموو ئەو کەسانەی کە بە یاسای بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزدراون لە ڕێگەی پزیشکانی دەروونی، توێژەرانی کۆمەڵایەتی و توێژەرانی دەروونی چارەسەری و ڕاهێنانی دووبارە شیاندنەوەیان بۆ دەکرێت و پڕۆژەکەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکە شیاندنەوەی تووشبووان بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ دادەنرێت.
سەردەمێک لە کوردستان زۆر بە کەمی هەواڵی دەستگیرکردنی بازرگانێکی مادەی هۆشبەر یان گرتنی کەسێکی ئاڵوودەبوو دەبیسترا و زۆرینەی خەڵک تەنانەت نەیاندەزانی مەترسییەکی لەم شێوەیە هەیە، بەڵام لە ماوەی لانی کەم دوو دەیەی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و بازرگانیکردن پێی لە حاڵەتەوە گۆڕدراوە بۆ دیاردە و ڕۆژ نییە لە شارێک یان شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان و عێراق قاچاخچییەکی مادەی هۆشبەر نەگیرێت و ڕووبەڕووی یاسا و دادگا نەکرێتەوە. ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناوەندە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەو هۆیەوە حوکم دراون دەگاتە دوو هەزار کەس.
نەیارانی کورد بە پلان دەخوازن کۆمەڵگەی کوردستان نەخۆش و ئاڵوودە بکەن و بۆیەش دۆخەکە زۆر لەوە مەترسیدارترە تەنیا بە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس چارەسەر بکرێت، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکە لەسەر شانی هەموو تاکێک و تەواوی دامەزراوە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیی و تەندروستییەکان، مامۆستایانی ئاینی، ڕۆژنامەنووسان، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، پزیشکان، یاساناسان و ئەکادیمیستەکان و دایکان و باوکان و هەر تاکێکی کۆمەڵگەیە مشووری بخۆن و بەرەنگاری ببنەوە.