زیانی ڕێگریکردن لە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان سەرووی بیست و پێنج ملیار دۆلارە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

پچڕانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان خەریکە لە دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە و ئەمڕۆ یەکشەممە پێنجی کانوونی دووەم ڕێک بیست و یەک مانگ و دە ڕۆژ بەسەریدا تێدەپەرێت، زیانەکانی ئەوپچڕانە بۆ سەر ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان هۆکارە لە چڕبوونەوەی پێوەندییە دیپلۆماسییەکان و هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی دووبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەر لەوەی دوو ساڵ بەسەریدا تێپەڕێت.

بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە ٢٥ ی ئاداری ساڵی ٢٠٢٣ەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگیراوە و هەرچەندە سەرەتاکان هۆکاری نەناردنی نەوتەکە تورکیا بوو بەڵام دواتر تورکیا ڕەزامەندی دەربڕی و کێشەی لەگەڵ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت نەبوو بەڵام حکوومەتی عێراق بە بیانووی جیاواز هەناردەکردنەکەی دواخستووە و تا ئەم ساتە نەتوانراوە دەست پێ بکرێتەوە و حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە.
رۆژی هەینی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس باسی لە قەبارەی ئەو زیانە کرد کە بەهۆی پچڕانی هەناردەی نەوتی کورستان بەر عێراق کەوتووە و گوتی زیانەکە سەرووی بیست و پێنج ملیار دۆلارە.
ئەگەر ئەو زیانە بۆ داهات گۆڕابا و لە سندووقێکدا کۆ کرابایەوە، خۆ دەیتوانی چەندان قەیرانی گەورەی عێراقی پێ بنبڕ بکرێت، بە بیست و پێنج ملیار دۆلار هەژاریی لە عێراق بنبڕ دەکرێت، هەر بەو پارەیە دەکرێ کۆتایی بە پچڕانی کارەبا بهێنرێت، هەر بەو پارەیە دەکرێ کۆتایی بە کەشەی ئاوی خواردنەوە لە تەواوی عێراق بهێنرێت یان ئەگەر لەوانەشدا خەرج نەکرابا خۆ دەیتوانی دەیان پڕۆژەی ستراتیجی پێ جێبەجێ بکرێت و هەلی کار بۆ سەدان هەزار کەسی بێکار دابین بکات.
ئەو زیانە ڕوویداوە و هەست دەکرێ حکوومەتی عێراقیش هەستی بەو زیانە زۆرە کردووە و بۆیەش ئاماژە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت زیاتر بووە و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق چەند جارێک پێداگری لە نەهەشتنی بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت کردووە.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێوەستە بە یاسای بودجە کە بۆ سێ ساڵ نووسراوە و چارەسەرییەکەیشی ئەوەیە هەموار بکرێتەوە و گۆڕانکاری لە تێچووی دەرهێنانی نەوت بکرێت و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لە کوردستان ڕازی بکرێن.
حکوومەتی عێراق لە یاسای بودجەدا بۆ خەرجیی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان تەنیا شەش دۆلاری تەرخان کردووە لەکاتێکدا گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گرێبەستەکانی عێراق کە لەگەڵ کۆمپانیاکاندا کراون دوو شتی جیاوازن.
مادەی دوازدەی یاسای بودجە تایبەتە بە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و لە هەموارەکەدا کە لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ دەکرێت بڕی شازدە دۆلار وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت دیاری کراوە کە دەکرێ بۆ ماوەیەکی کاتیی گونجاو بێت.
جۆرێک ڕێککەوتن لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لە کوردستان بۆ ئەو پرسە هەیە و ئەگەر لە پەرلەمانی عێراق لایەنە سیاسییەکان کێشەی بۆ دروست نەکەن و هەموارەکە پەک نەخەن ئەوا دەکرێ دەنگی لەسەر بدرێت و دوای پەسندکردنی جێبەجێ بکرێت کە بەهۆیەوە دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و بەپێی یاساکە ڕۆژانە دەبێت چوارسەد هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکرێت.
وا پێ دەچێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە تایبەتی ئەمەریکا بە لایەوە گرنگ بێت هەر چی زووە هەناردەکردنەکە دەست پێ بکاتەوە چونکە نرخی نەوت جارێکی دیکە ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە و ڕۆژی هەینی سێی کانوونی دووەم بەرزترین نرخی لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا تۆمار کرد و ئێستا بە نزیکەی حەفتا و حەوت دۆلار دەفرۆشرێت.
رۆژی هەینی جێفری پایت یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە پێوەندیی بە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرا و هەر دووکیان هاوڕا بوون لە سەر گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا، و پێیان وابوو وەستانی هەناردەی نەوت زیانێکی زۆری لە بودجەی گشتیی عێراق داوە.
پێشبینی دەکرێ لەگەڵ تەواوبوونی پشووەکانی سەری ساڵ هەوڵەکان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی و هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی و پەرلەمان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لەم مانگەدا زیاتر چڕ بکرێنەوە.