بەپێی پلانی ٨ ساڵەی گەشتیاریی بایەخی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری دەدرێت

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمساڵ ژمارەی ھاتنی گەشتیاران زۆر زیاترە و لە ھەندێک شوێن ناوچە گەشتیارییەکان پڕ ببوون لە گەشتیاران

ڕۆژبەڕۆژ ھەرێمی کوردستان پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و دەبووژێتەوە، بەتایبەتی لە سێکتەری گەشتوگوزار، لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ھەزار شوێن بەناونیشانی بنکەی گەشتیاری تۆمارکراون، لە ڕۆژانی سەری ساڵ شوێنە گەشتیارییەکان جمەیان دەھات لە گەشتیاران، بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار بە سەدان ھەزار گەشتیار بۆ ئاھەنگەکانی سەری ساڵ ھاتبوونە ھەرێمی کوردستان. بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٢٠٠ ھەزار گەشتیار ھاتبوونە ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەمساڵ ژمارەکە زۆر زیاترە و لە ھەندێک شوێن ناوچە گەشتیارییەکان پڕ ببوون لە گەشتیاران و شوێن نەما بوو.

لە ھەرێمی کوردستان سێ ھەزار شوێنی گەشتیاری ھەن

بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار، لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ھەزار شوێن وەکو شوێنی گەشتیاری یان کارکردن لە بواری گەشتیاری تۆمارکراون، لەوانە حەوت سەد و چواردە کافتریا، پێنج سەد و ھەشتا و نۆ شاری یاری، حەوت سەد کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری، پەنجا و چوار کۆمەڵگەی گەشتیاری، چوار سەد و شەست ھۆتێل، دوو سەد و ھەشتا و دوو مۆتێل، بەسەریەکەوە دەتوانن نزیکەی بیست ھەزار گەشتیار لەخۆ بگرن.

گەشتیاران بەبینی دیمەنەکانی کوردستان خۆشحاڵ بوون

حەمیران ئەحمەد، گەشتیارێکی خوارووی عێراقە، بۆ ڕۆژنامەی” ھەولێر” ئاشکرای کرد: کەشوھەوای کوردستان زۆر خۆشە، جگە لەوەی دیمەنی زۆر جوانی ھەیە، ئەوەش وای لە ئێمە کردووە ھەر بۆنەیەک ھەبێت ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەین.
ئەو گەشتیارە، دەشڵێ: لە بازگەکان ھەموو ئاسانکارییەک بۆ گەشتیاران کرا بوو و بەڕێزەوە گەشتیاران بەڕێ دەکران، جگە لەوەی خەڵکی کوردستان ڕوو خۆش و میواندۆستن، ھیوادارین کوردستان ھەروا خۆش و ئاوەدان و پێش بکەوێت.
عەبدوڵڵا محەممەد، گەشتیارێکی دیکەیە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، ڕۆژبەڕۆژ کوردستان پێش دەکەوێت و شوێنی سەرنجڕاکێشی لێ دروست دەکرێت، ھەر ئەوەش وای کردبوو ئەمساڵ ھەرێمی کوردستان جیاواز بێت و گەشتیاری زیاتر ڕووی تێ بکەن.

پلانەکە سەرکەوتوو بوو

ئیبراھیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پلانی پێشوازی کردن لە گەشتیاران بەشێوەیەکی زۆر باش بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بەڕێوەچوو و ھیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووی نەدا، لەگەڵ ئاسایشی بازگەکان ھاوئاھەنگیمان کردبوو و ئاسانکارییەکی زۆر کرا بوو بۆ ھاتنی گەشتیاران، لە بازگەکانەوە گرووپە گەشتیارییەکان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بەڕێدەکران کە بێنە نێو شارەکانەوە و لیژنەکانی ئێمەش لە بازگەکان بوون بۆ ئەوەی دیوێکی جوانی میواندارێتی پێشانی گەشتیاران بدەین.
وەکو بەرپرسانی ئەمنی و قایمقامی قەزاکان لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن: پلانی ئەمنی سەرکەوتوو بووە و ھیچ ڕووداوێک ڕووینەداوە کە شایەنی باس کردن بێت. ھەر لەم بارەوە پارێزگای ھەولێر، ڕاگەیەندراوێکی لەسەر بەرنامە و ئامادەکاری و پلانەکانی پشووی سەری ساڵی نوێ بڵاو کردەوە، کە تێیدا ھاتووە سەرجەم ڕێکار و ئامادەکارییەکان لە پێناو ئارامی و ئاسایشی شار و پاراستنی سەر و ماڵ و سەلامەتیی گیانی ھاووڵاتییان بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کران، گەشتیارانیش دڵخۆش بوون بە ھاتنیان بۆ ھەولێر و بینینی دیمەنەکان.

ئەمساڵ ژمارەکە زۆر زیاترە

ساڵ بە ساڵ ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، ئەوەش وای لە حکوومەت و سەرمایەدار و وەبەرھێنەران کردووە زیاتر پڕۆژەی گەشتیاری دروست بکەن، ئێستا زیاتر لە حەوت سەد کۆمپانیای گەشتیاری گرێبەستی ھێنانی گەشتیار لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاریان ھەیە، ئەو کۆمپانیانە ڕۆژانە لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە، ھەتا لە وڵاتانی دیکەوە گەشتیار دێنە ھەرێمی کوردستان. بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی سەری ساڵ کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانمان ڕاسپارد بوو بۆ زیاتر ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران شوێنە گەشتیارییەکان بڕازێنەوە و ئاھەنگ و ڕێوڕەسمی تایبەت بە بەشداری ھونەرمەندانی نێوخۆیی و بیانی ساز بکەن، ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٢٠٠ ھەزار گەشتیار ھاتبوونە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ ژمارەکە زۆر زیاترە و لەو دوو ڕۆژەدا ئامارەکە ڕادەگەیەنین کە لە ھەندێک شوێن ناوچە گەشتیارییەکان پڕ ببوون لە گەشتیاران و شوێن نەما بوو.

ھەر چوار وەرزی ساڵ گەشتیاران ڕوو لە ھەرێم دەکەن

ئیبراھیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات: بەگوێرەی پلانی ٨ ساڵەی دەستەی گەشتوگوزار ساڵ بە ساڵ ژمارەی ھاتنی گەشتیاران زیادی کردووە، ساڵانی ڕابردوو تەنیا لە ھاوین و بۆنەکاندا گەشتیاران سەردانی ھەرێمی کوردستانیان دەکرد، بەڵام ئێستا لە وەرزەکانی پاییز و زستانیشدا گەشتیاران سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن، ئەو گەشتیارانە پێکھاتوون لە گەشتیاری ناوخۆیی، گەشتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ھەروەھا ئەو گەشتییارانەی پێیان دەگوترێت گەشتیاری نێودەوڵەتی، لە دەرەوەی عێراقەوە دێن.