ساڵانە لەگەڵ دەشتپێكی خوێند، هەڵمەتێكی هۆشیاریی ژینگەیی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا بەڕێوە دەچێت کە رێكخراوێكی ژینگەیی جێبەجێی دەکات. هەڵمەتەكە لە چەند بەشێكی جیاواز پێك هاتووە، كە بریتین لە كتێب و پۆستەری ژینگەیی، باجی گرووپی ژینگەیی و، سمیناری تایبەت بە ژینگە.
رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە به هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكان لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، هەڵمەتەكە بەڕێوە دەبەن.
مەعروف مەجید، سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە ڕایگەیاند، ماوەی چەند ساڵێكە كار لەسەر رێكخستنی ئەم هەڵەمەتە ژینگەییە دەكەین و لە زۆر شوێنیشدا جێبەجێمان كردووە، بەڵام ئەمساڵ دەمانەوێت هەڵمەتەكە فراوانتر و گشتگیرتر بكەین لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێم و شاری كەركووكیش.
وتیشی “لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و، ئیدارەی راپەڕین و ئیدارەی گەرمیاندا، وەختی خۆی هەڵمەتەكە جێبەجێ كراوە، بەڵام بۆ زیاتر فراوانكردنی هەڵمەتەكە لە پلاندایە سنووری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكیش بگرێتەوە”.
لە چالاكییەكەدا، وێڕای پێدانی شەش جۆری جیاوازی پۆستەری ژینگەیی، دوو پەرتووكی تایبەتیان بە هۆنراوەی ژینگەیی و منداڵ و ژینگە بەچاپ گەیاندووە، كە دەقی شانۆیی و ئۆپەرێت و تێكستی ژینگەییشیان تێدایە.
مەعرووف مەجید وتیشی: سوپاسی د. ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردەكان دەكەین كە هاوكارمانن لە ئەنجامدانی ئەو چالاكیانەدا.
هەروەها وتیشی، بۆ یەكەم جار بابەتی هۆشیاریی ئاژەڵدۆستی لە ڕێگەی پۆستەر و بابەتەكانیانەوە ئاشنا دەكەن بە قوتابیان و منداڵان.
هەڵمەتی نەمامڕواندن و پاككردنەوەی گۆڕەپانی قوتابخانەكان و جیاکردنەوەی پاشماوەكان چەند چالاكییەكی ترمان دەبێت لە ناوەندەكانی خوێندندا.