بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، “سێ سایلۆ تەواوبوون و بۆ ئەمساڵ ئامادەن، سێ سایلۆی تازەش دروستدەکرێن و بڕیارە سایلۆی ھەڵەبجەش لەو ماوەیە تەواو بێت”.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند “کارکردن لە سایلۆی ھەڵەبجە بەردەوامە و ئێستا ڕێژەی تەواوبوونی گەیشتۆتە ٦٠% و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیک تەواو بێت، بۆ سایلۆی زاخۆش ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە و تەنیا ماوە بدرێتە تەندەر و بۆ کۆمپانیایەک دەربچێت و دەست بە دروستکردنی بکرێت، جگە لەوە، بڕیارە لە ھەریر و کۆیەش بەھۆی ئەوەی زەویەکی زۆریان هەیە، دوو سایلۆش لەو دوو شوێنە دروست بکرێن و بکەونە خزمەت جووتیارانی خۆشەویستی ناوچەکان”.
نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی “جگە لەوە، لەم کابینەیە سێ سایلۆ لە ڕوڤیا، قوشتەپە و گەرمیان تەواو بوون و میلاکیشیان بۆ دامەزراوە و خولیان بینیوە، ھەر سێ سایلۆ بۆ ئەمساڵ ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان کە ھەر سایلۆیەک لەوانە توانای ھەڵگرتنی ٤٠ھەزار تەن گەنمی ھەیە”.
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دراوە، ئێستا ئەو کەرتە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پێشوەچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە