ڕائیب جادر – هەولێر
بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی پارێزگای دھۆک، ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٤ کۆی پڕۆژەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دھۆک ١٣٩ پڕۆژە بوون، ٧١ لەو پڕۆژانە ڕەزامەندییان لەسەر دراوە و ٦٨ پڕۆژەش کاریان لەسەر دەکرێت.
ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانیی دھۆک، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: سەرجەم ئەو پڕۆژانەی ساڵی ڕابردوو لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی دھۆک دروست کراون ١٣٩ پڕۆژەن، ئەوانەی ڕەزامەندییان لەسەر دراوە ٧١ پڕۆژەن بە گوژمەی ١٦٤ ملیار و ١١٨ ملیۆن دینار.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانیی دھۆک، ئاشکراشی کرد، ئەو پڕۆژانەی کاریان لەسەر دەکرێت ٦٩ پڕۆژەن، گوژمەکەیان ١٨٣ ملیار و ٨٨٤ ملیۆن دینارە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانیی دھۆک، گوتیشی: لە سەنتەری شاری دھۆک گرنگییەکی زۆر بە سەوزایی و پاک و خاوێنی شار دراوە و چەندین باخچەمان دروست کردووە لەگەڵ چاندنی زیاتر لە بیست ھەزار نەمام و یازدە ھەزار گوڵ و لەگەڵ چاندنی چواردە ھەزار مەتر چوارگۆشە فریز، ھەروەھا ڕۆژانە ٤٦٢ تۆن پاشماوە کۆکراوەتەوە و فڕێدراوە کە کۆی گشتی لە ساڵی ڕابردوو دەکاتە ١٦٨ ھەزار و ٦٦٠ تۆن پاشماوە، پڕۆژەی دیکەشمان لە بەردەستە بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، یەکەمیان لە پارکی سەرھەڵدان و دووەمیشان لە پارکی گشتییە کە بە ھەردووکیان نزیکەی ٧٠٠ دۆنم زەوی سەوز دەکرێن.
ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانیی دھۆک، زیاتر گوتی: لە ساڵی ڕابردوو ٢١٩ خانووی زێدەڕۆیی بەپێی بڕیاری ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٩ تاپۆ کراون.