شاندی پارتی گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەست پێدەکات

 

 

 

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا، گەڕێکی تری گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ دەست پێ بکاتەوە. بەگوتەی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی بۆ پێکھێنانی حکوومەت، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان ھەردوولادا ھەیە، سەرۆک بارزانی لە پەیامی بۆ سەری ساڵدا، داوای کرد ھەرچی زووە حکوومەتی نوێ پێکبھێنرێت.

دوای ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، جیا لە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی دوو کۆبوونەوەیان کردووە، کۆبوونەوەی یەکەم ڕۆژی ٣٠ مانگی ١١ لە دەباشان و، کۆبوونەوەی دووەمیش ڕۆژی ١٧ـی مانگی ١٢ لە پیرمام کرا. بەگوتەی بەرپرسانی ئەو دوو حزبە دۆخی ناوچەکە بە گۆڕانکارییەکی زۆر خێرادا تێدەپەڕێت، بۆیە پێویستە لە نێوماڵی کورددا کۆدەنگی و یەکڕەنگی دروست بکەین.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی دوایین کۆبوونەوەی نێوانیان، شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باسیان لە ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە و ھەردوولا ھاوڕابوون بەزووترین کات، کار لەسەر ئامادەکردنی بەرنامەیەکی ھاوبەش بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەم بکەن، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاردرا لیژنەیەکی ھاوبەش بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی بەرنامەکە بۆ کۆبوونەوەی داھاتوو پێکبھێنن.
لە قۆناغی دوای ھەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان پابەندە بە دروشمەکانی خۆی ئەویش ھێنانەدی ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەییە. پارتی ھیچ مەرجێکی پێشوەختەی نییە بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەم، بەڵام وەک سەرۆک بارزانی، دەڵێت، یەک حکوومەت و یەک پەرلەمان و یەک ھێزی پێشمەرگە داواکاری پارتییە. ھێمن ھەورامی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرای کرد: زۆر گرنگە بە گیانێکی کوردستانیانە بۆ یەک ھەرێم، یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان، یەک ھێزی پێشمەرگە بتوانین بەرنامەیەک بۆ چوار ساڵی ئایندە دابنێین، ھەروەھا ھاوبەشی نیوە ڕێگەمان نەبێت، لەگەڵ ھەموو لایەنەکان گفتوگۆ دەکەین لەسەر ئەو بەرنامەی کە پارتی بانگەشەی بۆ دەکرد.
لە ھەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی بەدەستھێنا و بووە حزبی براوە، ئەرکی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی لە ئەستۆدایە.
د.ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاشکرای کرد: پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام خەمی گەلەکەی بووە و لە پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانیش ھەمیشە لە سەنگەری پێشەوە بووە، پارتی لەڕووی خەباتی سیاسییەوە لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیھانیش بۆ پرسی کورد ڕۆڵی گەورەی بینیووە، دیارە لە ڕووی پەرەپێدانی پێکەوەژیان و ماف و ئازادییە گشتی و کەسییەکانیش پارتی پێشەنگە، ئەمەش وای کردووە پارتی نەک تەنیا موڵکی پارتییەکان بەڵکو سامانێکی سیاسی گەورەی ھەموو کوردستانیان بێت و متمانەی پێ بکەن و دەنگی پێبدەن و ڕەفتار و گوتار و کرداری پارتی لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی ھەموو گەلی کوردستانە بە ھەموو جیاوازییە ئایدۆلۆژی و پێکھاتەکانەوە، ھەموو ئەمانە ھۆکارن بۆ ئەوەی سەرەڕای ئەوەی ویستیان لێی بدەن، بەڵام سەرکەوتنی پارتی لە ھەڵبژاردن دەریخستەوە پارتی قووڵایی جەماوەری بەھێزی ھەیە.
گوتیشی: پارتی حزبی بەرپرسیارەتییە سیاسی و مێژووییەکانە و مێژووی ئەم پارتە پڕە لە شانازی و قوربانیدان و بەھیچ شێوەیەک لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان مساوەمەی نەکردووە و نایکات، لێرە بەدواوەش مافەکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنیان ئەولەویەتی پارتین بۆ ھەمیشە، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ ڕەگ داکوتانی ئەم پرەنسیپە نەتەوەیی و نیشتمانیانە زۆر دیار و بەرچاوە لە ڕابەرایەتیکردندا و بۆتە ھۆی بەھێزیی پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و پارتیشی لە گۆڕەپانی سیاسییدا وەک ھێزی یەکەم ھێشتۆتەوە.
لەبارەی پێکھێنانی کابینەی دەیەم، ئەو ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، دەشڵێ: ئەوەی ئێمە وەک پارتی پێداگریی لەسەر دەکەین پرسی یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان، یەک ھێزی پێشمەرگەیە،‌ ئەمانە دەبنە ھەوێنی ھەرێمی کوردستانی سەرکەوتوو و سەقامگیر و پرسی مافەکانی ھێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە مەنزوومەی بەرگری لە عێراق، بۆ پارتی زۆر گرینگە و پێداگری ئێمە لەسەر ئەم پایە گرینگانە بۆ ئەوەیە ھیچ کەس لە ھەرێمی کوردستان لەسەرووی یاسا نەبێت و پێویستە ھەموو لایەک پێملی ئۆتۆریتەی سیاسی و یاسایی دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان بێت، تاوەکو حکوومەتی داھاتوو بەبێ جیاوازی بتوانێت خزمەتی ھەموو ناوچەکان بکات و ڕێ لە ھەر دیاردەیەک کە زیان بە پرێستیجی ھەرێمی کوردستان بگەیەنێت بگرێت.