کابینەی نۆیەم لە ساڵی 2024 دەیان پرۆژەی گەورە و ستراتیجیی پێشکەشی هەرێمی کوردستان کردووە

لە ساڵی 2024 کابینەی نۆ بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی دەیان پڕۆژەی دانا و دەیان پڕۆژەی دیکەش کەوتنە خزمەت هاووڵاتییان، کە بەشێكی زۆر ئەو پرۆژانە ستراتیجین و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکەن.

کەرتی رێگاوبان
لە ساڵی رابردوو لە کەرتی رێگاوبان و درووستكردنی شەقام، ژمارەیەکی زۆر لە پڕۆژەی ستراتیجی ئەنجام دران و ژمارەیەکی دیکەش بە ڕووی هاووڵاتییان کرانەوە و کارەکانیان تەواوکران و کەوتنە خزمەت هاووڵاتییان، کە دیارترینیان بریتین لە، کردنەوەی رێگای دووسایدی سپیلک – خەلیفان – سۆران، پڕۆژەی ڕێگای (گەزنە) كە بەستنەوەی شەقامی 120 مەتریی هەولێرە بە رێگای سەرەکیی هەولێر – دهۆك، هەروەها هەریەک لە پردەکانی دەربەندی رانیە و پردی ئاوەخێری بە ڕووی شۆفێران کراونەوە. هەروەها جگە لەمانە چەندین پڕۆژەی دیکەی رێگاوبان و شەقام لە ساڵی 2024 بەردی بناغەیان دانرا، کە دیارترینیان بریتین لە دانانی بەردی بناغەی ڕێگای دووسایدی هەولێر – کۆیە، رێگای دووسایدی باعەدرێ – ئیتوت، رێگای دووسایدی شێخان – لالش، دووسایدی گۆمەسپان – سماقوڵی، رێگا و پردی هەڵەبجە – تووەقوت – قلیجە و دووسایدی بەردەڕەش – خەبات.

ئاسایشی خۆراك
ساڵی 2024 لە بواری پاراستنی ئاسایشی خۆراك و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵی، کە بەشێكی سەرەکین لە سیاسەتی کارکردنی کابینەی نۆیەم بۆ بەهێزترکردنی هەرێمی کوردستان لە هەردوو کەرتی گشتیی و تایبەتدا، دەیان پڕۆژەی جۆراوجۆر کارکردن تیایاندا دەستی پێکردووە و کەوتوونەتە خزمەت هاووڵاتییان، لەوانە سایلۆی قوشتەپە، کە بە تێچووی 21.2 ملیار دینار دروست کراوە بە ڕووی جوتیاران کرایەوە و دەتوانێت 40 هەزار تۆن گەنم هەڵبگرێت، هەروەها پڕۆژەی تایبەت بە بەخێوکردنی مانگا و بەرهەمە شیرەمەنییەکان، كە گەورەترین پڕۆژەی ئاژەڵداریی عێراقە و لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 کرایەوە. هەروەها دیارترین ئەو پڕۆژانەی بەردی بناغەیان دانراوە لە ساڵی 2024 بریتین لە بەردی بناغەی کارگەی سلیڤانا بۆ بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە زاخۆ. دروستکردنی بازاڕی هاوچەرخی سەوزە و میوەی ئاکرێ بە گوژمەی 28.6 ملیار دینار، کە دەبێتە دووەم گەورەترین بازاڕ لە عێراق، دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی سایلۆی هەڵەبجە بە گوژمەی 27.2 ملیار دینار، کە دەتوانێت 40 هەزار تۆن دانەوێڵە هەڵبگرێت.

ئاسایشی ئاو
یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆ، پاراستنی ئاسایشی ئاوە لە پێناو پاراستنی ژینگەی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بۆ ئەو مەبەستە کابینەی نۆ پلانی ورد و ستراتیجیی داڕشت، لە ساڵی 2024 چەندین پڕۆژەی گرنگی ئاو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کرانەوە و ژمارەیەکی زۆری دیکەش بەردی بناغەیان دانرا. گرنگترین پڕۆژەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی ئاو بریتین لە، کردنەوەی هەریەك لە بەنداوەکانی چەمرگە، بەستۆرە و گۆمەسپان، کە دەتوانن نزیکەی 120 ملیۆن مەترسێجا ئاو گل بدەنەوە. هەروەها هەر لە 2024 بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، کە کێشەی ئاو لە شاری هەولێر بۆ ماوەی 30 ساڵ چارەسەر دەکات دانرا و لە ئێستادا نزیكەی 50%ـی كارەكانی تەواو كراوە، هەروەها بەردی بناغەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە دانرا، کە کێشەی ئاو لە سنووری قەزای قوشتەپە و گوندەکانی بە تەواوی چارەسەر دەکات، بە تەواوبوونی هەردوو پڕۆژەکەش زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتیی ناوچەكە لێی سوودمەند دەبن و نزیکەی 1100 بیری ئاویش دادەخرێن، جگە لەمانە بەردی بناغەی بەنداوی دوین دانرا، کە توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەترسێجا ئاوی دەبێت.

پیشەسازی و گەشتیاری
هاوشێوەی کەرتەکانی دیکە کابینەی نۆ گرنگییەکی زۆری بە هەریەك لە کەرتەکانی پیشەسازی و گەشتیاری داوە و ئاسانکاریی زۆریشی بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی کردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەی پیشەسازی و گەشتیاری ئەنجام بدەن لە هەرێمی کوردستان. لە ساڵی رابردوو گرنگترین ئەو کارگانەی کرانەوە، کۆمپانیای سفر و کێبڵی هەولێر کرایەوە، کە لە ژمارەیەک کارگە پێک هاتوون، هەروەها کارگەیەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی سرنج کرایەوە. لە کەرتی گەشتیارییش قۆناغی دووەمی پڕۆژەی کۆڕنیشی زاخۆ دەستی پێکردووە و هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەش لەسەر لوتکەی چیای کۆڕەک کرایەوە، ئەمە جگە لە چەندین پرۆژەی دیكە لەو بوارە، لەوانە دانانی بەردی بناغەی پاركی سەرهەڵدان لە شاری دهۆك و دانانی بەردی بناغەی چەندین پارکی تر.

کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە
لە ساڵی رابردوو هەریەک لە کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە، پڕۆژەی زۆر بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان ئەنجام دراوە، کە دیارترینیان بریتین لە دانانی بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، دانانی بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئاڵودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها هەر لە پارساڵدا 42 قوتابخانەی نوێ کراونەتەوە.

کارەبا
لە ساڵی 2024 یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین پڕۆژەکانی کابینەی نۆ راگەیاندنی پڕۆژەی رووناکی بوو، کە سەرەتای هەنگاونانە بەرەو کارەبای 24 کاتژمێری و لە ئێستاشدا ژمارەیەك گەڕەك کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین کراوە، لە ئێستادا نزیكەی 100 هەزار هاوبەشی كارەبا لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك، سوودیان لەو پرۆژەیە وەرگرتووە و بڕیاریشە تاکوو کۆتایی ساڵی 2026، سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی پڕۆژەكەوە ببنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.

ئەمانە لە گرنگترین ئەو پڕۆژانەن کە کابینەی نۆ لە ساڵی 2024 ئەنجامی دا، هەروەها جگە لەم پڕۆژانە سەدان پڕۆژەی دیکەی مامناوەند و بچووك لەسەر ئاست و کەرتی جیاواز لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون. کابینەی نۆ کابینەی بەهێزترکردنی ژێرخانی هەرێمی کوردستانە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری