بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر گوتی “دوێنێ دوا ڕۆژی ساڵی ٢٠٢٤ بوو، لەم ڕۆژە نزیکەی ٥ھەزار ھاووڵاتیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوا ھاتوونەتەوە ھەرێمی کوردستان و گەشتیان کردووە”.
ئەحمەد ھۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند “دوێنێ ٣١/١٢/٢٠٢٤ کۆتا ڕۆژی ساڵی ڕابردوو بوو، دوو ھەزار و ٥٤٩ ھاووڵاتیی لە ناوخۆی عێڕاق و ھەرێمی کوردستان ھاتوچۆیان کردووە، بەجۆرێک ھەزار و ٥٣٥ ھاووڵاتیی عێڕاقی ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان و ھەزار و ١٤ھاووڵاتییش لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە ڕۆیشتوون، ٩٥٧ ھاووڵاتیی بیانیش، ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان، ھەزار و ١٤ ھاووڵاتی دیکەی بیانیش لە ھەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی ھەولێرەو سەفەریان کردووە”.
ئەحمەد ھۆشیار گوتیشی “ئەو ھاووڵاتییانەی لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان، دووھەزار و ٤٩٢ ھاووڵاتی بوون، ئەوانەی سەفەریشیان کردووە، دوو ھەزار و ٣٧٠ ھاووڵاتی بوون، بۆیە بەگشتی ژمارەیان چوار ھەزار و ٨٢٦ ھاووڵاتی بوونە”.
دەشڵێت “بڕیارە ئامارێکی گشتی ساڵی ٢٠٢٤ لە ماویەکی نزیک ڕابگەیەنین، ھەموو وردەکارییەکانیش دەخەینە ڕوو کە چەند گەشت لە فڕۆکەخانەی ھەولێر ئەنجامدراون و چەند ھاووڵاتیی ھاتوون و چەندیش سەفەریان کردووە”.